Accessibility links

پیکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کە یارمەتیدەر بوو لە کۆتایی هێنان بە جەنگی عێراق و ئێران، کۆچی دوایی کرد


جیاندۆمینیکۆ پیکۆ لەگەڵ تێری ئاندەرسن، 4 ی مانگی دوانزەی ساڵی 1991، دیمەش، سوریا
جیاندۆمینیکۆ پیکۆ لەگەڵ تێری ئاندەرسن، 4 ی مانگی دوانزەی ساڵی 1991، دیمەش، سوریا

دیبلۆماتکاری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان جیاندۆمینیکۆ پیکۆ، کە تواناکانی لە دانوستاندا یارمەتیدەر بوون لە چارەسەرکردنی سەختترین قەیرانەکانی ساڵەکانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا، بە جەنگی نێوان عێراق و ئێران و ڕفاندنەکانی هاووڵاتییانی ڕۆژئاواشەوە لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە، کۆچی دوایی کردووە

کوڕەکەی پیکۆ، جیاکۆمۆ پیکۆ، وتی پیکۆ ڕۆژی یەکشەممە دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

لە ساڵی 1973 ەوە تاوەکو ساڵی 1992 پیکۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە. لە ساڵی 1982 دا پێنجهەمین سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان خاڤیێر پێرێز دی کولاری پیرۆ پیکۆی لە ئۆفیسی جێبەجێکاری سکرتێری گشتیدا دانا، دواجار بووە یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسیی.

پیکۆ نوێنەرایەتی پێرێز دو کولاری دەکرد لە دانوستانەکانی نێوان نیوزلەندا و فەڕەنسادا، دوای ئەوەی کەشتی ڕەینبۆ واریەر لەلایەن بریکارە نهێنییەکانی فەڕەنساوە لە ساڵی 1985 دا نقوومکرا. لە کاتی نقوومبوونیدا، کەشتییەکە ناڕەزایی دەردەبڕی سەبارەت بە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی فەڕەنسا لە دەریای پاسێفیکدا.

ساڵێک دوای ئەوە، پیکۆ بووە بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێک لە جەنگەکەی نێوان عێراق و ئێراندا. لەو جەنگەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کوژران.

پیکۆ لە ئەفغانستانیش ڕۆڵی خۆی بینیوە، لە ساڵی 1989 دا یارمەتیدەر بوو لە کارئاسانیکردن بۆ کشانەوەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤییەت، ئەوەش دوای داگیرکارییەکەی ساڵی 1979 ی مۆسکۆ لە ئەفغانستان.

تێگەیشتوویی پیکۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ڕێگەیدا گفتوگۆ بکات بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن ئەو گروپانەوە ڕفێندرابوون کە پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبوو، لەوانەش تێری ئاندەرسنی بەرپرسی دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لە بەیروت، کە لە ساڵی 1985 ەوە تاوەکو ساڵی 1991 بارمتە بووە.

ئەرکەکە بەبێ مەترسی نەبووە، لە ساڵی 1987 دا نوێنەری کڵێسای ئەنجەلیکی تێری وایت لە بەیروت بێسەروشوێن بوو، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵیدەدا بارمتەکان ئازاد بکات، بەڵام خۆی دەستگیرکرا، ئەویش هەتاوەکو 1991.

پیکۆ بە بوێریی و تێگەیشتنییەوە لە دیبلۆماسی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە بووەتەوە.

پیکۆ لە بایۆگرافییەکەیدا لە ساڵی 1999 دا بە ناونیشانی " پیاوێک بەبێ چەک: خەباتی نهێنی دیبلۆماتکارێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کۆتاییهێنان بە جەنگێک " نوسیویەتی " کاتێک پرسیارم لێکرا سەبارەت بە چۆنێتی ئازادکردنی بارمتەکانی وەکو تێری وایت، وتم ' ئەو لە ڕۆژئاواوە چووە بۆ بەیروت و منیش لە ڕۆژهەڵاتەوە چووم بۆ بەیروت.' لەو کاتەدا، ڕۆژهەڵات لە تارانەوە دەستی پێدەکرد."

لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی لە ساڵی 2013 دا، پیکۆ باس لەوە دەکات کە چۆن کاتێک لە گفتوگۆکاندا گەشتی کردووە بۆ بەیروت و لەوێ دیبلۆماتکارێکی ئێرانی پێی وتووە هەر ئەو شەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کۆدەبێتەوە کە خەڵکەکەیان ڕفاندووە.

وتی ئوتومبێلەکە وەستا، عەلاگەیەکییان کرد بەسەرما. وتی " دواتر خرامە پشتی ئوتومبێلەکەوە، شتێک کە پێشنیاری ناکەم بۆ هیچ کەسێک."

وتی " بێگومان دەمزانی کە دەکرێت بمبەن. لەو کاتەدا هیچ بژاردەیەکم نەبوو. باوەڕم وابوو کە کارێکی باش دەکەم."

پیکۆ دواجار گفتوگۆی کرد و ڕێککەوتنێکی بە دەست هێنا، کە تێیدا لە ماوەی چەند مانگێکدا چەکدارەکان 10 بارمتەی ڕۆژئاوایی ئازاد دەکەن، بە ئاندەرسنیشەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا ئەو هێزانەی ناو باشووری لوبنان کە ئیسڕائیل پشتیوانییان لێدەکات دەیان زیندانی عەرەب ئازاد دەکەن.

پیکۆ لە یودینی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا لە دایک بووە، لە نزیک ئوستریا و یوگوسلاڤییای پێشووەوە. بەپێی هاوڕێکانی و خێزانەکەی، یودین شوێنێک بووە کە هانی پیکۆی داوە لە پێویستییەکانی گروپە جیاوازەکان تێبگات و کێشە قورسەکان چارەسەر بکات.

پیکۆ بڕوانامەی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی پادوا و زانکۆی کالیفۆرنیا بە دەستهێناوە، لە زانکۆکانی پراگ و ئەمستردامیش خوێندوویەتی.

لە 12 ی مانگی دوانزەی ساڵی 1991 دا، سەرۆک جۆرج بوش خەڵاتی سەرۆکایەتی بەخشییە پیکۆ لەسەر خزمەتە نموونەییەکەی.

پیکۆ لە گفتوگۆیەکدا لە ساڵی 2017 لە نیویۆرک دەڵێت " حەزم دەکرد بیرۆکەکانی خۆم جێبەجێ بکەم. پێم وانیە شتێکی ڕاست بێت بیر لە شتێک بکەیتەوە و دواتر داوا لە کەسێکی تر بکەیت ئەنجامی بدات. ئەوە شتێک نیە زۆر بوێرانە بێت."

XS
SM
MD
LG