ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەنگاوی بەپەلە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشەکشەی ئەو دەستکەوتانەی کە دەیان ساڵە بۆ ژنان و کچان بەدەست هاتوون. شارەزایانی خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەڵێن یاسادانان و خوێندەواری دیجیتاڵی و هاندانی پیاوان بۆ بوون بە هاوپەیمان لە ستراتیجیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا زۆر گرنگن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراوتر لەسەر ئینتەرنێت و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ڕاپۆرتی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر ڕەشبینانەترە. ڕاپۆرتەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، یادی 30 ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی ڕاگەیاندنی پەکین دەکات، کە 189 وڵات واژۆیان کردووە و ئاماژەیە بۆ وەرچەرخانێکی گرنگ لە خەبات بۆ مافەکانی ژنان و کچان. هەروەها پێش ڕێپێوانەکانی ڕۆژی جیهانی ژناندا دێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە زیادبوونی گوتارەکان دەدات دژی مافەکانی ژنان، تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی جەنگەکان، هەژاری، سەرهەڵدانی خێرای ژیری دەستکرد و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کە بووەتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاری.
ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە شێوازی نوێی توندوتیژی و سوکایەتی دەکات کە لە نێو دنیای دیجیتاڵیدا و داوای کاری بەپەلە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.
لە سەرانسەری 12 وڵاتدا لە ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیادا، ڕاپۆرتەکە بۆی دەرکەوتووە کە لە سەدا 53 ی ژنانی پێگەیشتوو لە ئینتەرنێت ڕووبەڕووی شێوازێک لە توندوتیژی تەکنەلۆجیا بوونەتەوە.
توندوتیژی و سوکایەتیکردن لە ڕێی ئینتەرنێتەوە شێوازێکی زۆرییان هەیە و دیارترینییان هەراسانکردن و سوکایەتیکردن و شوێنکەوتنی ژنانە لە ئینتەرنێتدا، هەروەها بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەی ڕەگەزی و بڵاوکردنەوەی وێنە بەبێ مۆڵەت. ئەمەش بەپێی دامەزراوەی ئەوروپایی بۆ یەکسانی ڕەگەزیی.
لە کاتێکدا کە پیاوانیش دەکرێت ببنە قوربانی سوکایەتیکردن لە ڕێی ئینتەرنێتەوە، بەڵام زۆربەی بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ژنان و کچان لاوازترن لەبەردەم ئەو سوکایەتی و توندوتیژییەدا.
ئێلینا مارتیلۆزۆی پڕۆفیسۆر و توێژەر و بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەکانی سوکایەتی و تراوما لە زانکۆی میدڵئێکس، دەڵێت " توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئینتەرنێت بووەتە ڕەوتێک."
وتی " ڕق لە ژنان لە زیادبووندایە و ڕەفتاری سادیگەری لە بری کوڕان و گەنجان لە ئینتەرنێت گەشە دەکات."
وتیشی " ژیری دەستکرد بووەتە مەترسییەکی زەبەلاح بۆ سەر کچان و ژنان." ئاماژەی بە تەکنەلۆجیای دیپ فەیکدا کە دەتوانێت یاری بە وێنە و دەنگ و ڤیدیۆکان بکات و وابکات کە قورس بێت بزانیت وێنەکە ڕاستە یان ساختەیە.
وتی " بەرنامە هەن کە یەکێک ڕووت دەکەنەوە، چۆن ڕێگە دراوە ئەمانە هەبن؟"
مەیلێک هەبووە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خراپ بەکارهێنانی ئەلیکترۆنی چونکە لە ژینگەی مەجازیدا ڕوودەدات و بەکارهێنەران بەزۆری نەناسراون. بەڵام توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە زیانی دەروونی لەوانەیە وێرانکەر بێت چونکە ئەلگۆریتمەکان کە هەڵوێستی ڕق لە ژن گەورە دەکەن دواتر دزەدەکەن بۆ جیهانی دەرەوەی ئینتەرنێت.
بە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە ناوەڕۆکە، ئەلگۆریتمەکان زیان بە گەنجانیش دەگەیەنن. پرۆسەی ئەلگۆریتمی بووە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە شارەزایان بە " توندڕەوی ڕق لە ژن " ناوی ببەن و هەروەها بەراورد کراوە لەگەڵ ئەو شێوازانەدا کە بەکاردەهێنرێن بۆ بەکرێگرتنی تاکەکان بۆ تیرۆر.
ئەم تۆڕانە بە توانای زیانی مەترسیدارتر، ڕێگە بە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دەدەن بە شێوەیەک کار بکەن کە تەحەدای یاسادانەران و داکۆکیکارانی مافەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان تەنانەت ئەو تۆڕانەی بە هەڕەشە بۆ سەر مافەکانی ژنان ناوبردووە.
لە مانگی سێی ساڵی رابردوودا، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا یەکەم یاسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی دژی ژنان پەسەند کرد و داوای یاسا و هەنگاوی بەهێزتری کرد بۆ پێناسەکردنی ڕەزامەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە پێویستە تاوەکو ساڵی 2027 یاسای نیشتمانی پەسەند بکەن. ڕێنماییە نوێیەکان جەخت لەسەر سەرپێچیەکان دەکەنەوە، لەوانەش ناردنی وێنەی ناشرین و ئاشکراکردنی زانیاری تایبەتی.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
نەتەوە یەکگرتووەکان: مافەکانی ژنان و کچان بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکان لە ژینگەی ئینتەرنێتدا لە مەترسیدان
