سەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پلانەکەی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا بە شێوەیەکی دراماتیکی " ئەو توانایە لە دادگا دەسەنێت بۆ وردبینی کردن لە بڕیارەکان و مەترسی ئەوەی لێدەکەوێتەوە لێدانێک بێت بۆ مافەکانی مرۆڤ."
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک لە ڕێی پەرلەمانەوە هەوڵی پڕۆژە یاسایەک دەدات کە تێیدا ڕواندا بە وڵاتێکی پارێزراو ڕادەگەیەنێت بۆ پەنابەران، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەندیک لە یاسادانەرانی بەڕیتانیا دژایەتی پلانەکەیان کردووە و بە نا ئەخلاقی ناوییان بردووە.
بەپێی پێشنیارەکان، ئەو پەنابەرانەی کە لە ڕێی کەناری باشووری بەڕیتانیاوە بە بەلەمی چووپی بچووک دەگەنە بەڕیتانیا ڕەوانەی ڕواندا دەکرێن بۆ ئەوەی لەوێ بژین.
سەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک وتی دۆخی ئێستای پڕۆژە یاساکە کە هێشتا لە ئەنجومەنی لۆردەکاندا پەسەند نەکراوە، پێویستی بەوەیە ڕواندا وەکو " وڵاتێکی پارێزراو " بناسێندرێت، سەرەڕای بەڵگەکان.
تورک وتی " ناتوانیت ڕاستییەک کە بوونی نیە بیکەیت بە یاسا." وتی دادگاکانی بەڕیتانیا تۆمارێکی سەلێمێندراوییان هەیە لە دەرکردنی ئەم بڕیارانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕابردوودا و پێویستە بەردەوام بن لەسەری.
وتی " زۆر جێی نیگەرانییە کۆمەڵێک خەڵک یاخود خەڵکێک لە دۆخێکی دیاریکراودا لە یاسای یەکسانی لە پاراستندا دەربکەیتە دەرەوە."
ڕیشی سوناک پێش هەڵبژاردنەکان کە پێشبینی دەکرێت دواتر لەم ساڵدا بەڕێوەبچێت، سیاسەتی ڕواندای کردووە بە یەکێک لە سیاسەتە گرنگەکانی لە هیوای ئەوەدا کە بتوانێت بەڵێنەکەی بۆ " وەستاندنی بەلەمەکان " جێبەجێ بکات.
تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا زیاتر لە 1300 پەنابەر لە ڕێی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەڕیتانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز