Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی ئۆکرانیاییەکان


ئۆفیسی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پێشێلکردنی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆییەکان لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا.

ڕاپۆرتێکی نوێی ئۆفیسی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت هێرشە چەکدارییەکەی ڕووسیا و داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا دەرەنجامێکی درێژخایەنی دەبێت بۆ ئۆکرانیا و دانیشتوانەکەی، لە کاتێکدا کە وادەردەکەوێت سەرنجەکانی جیهان لەسەر دۆخە هەستیارەکە کەم بووەتەوە.

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک ڕۆژی سێشەممە وتی " سەرەڕای چیرۆکە ترسناکەکانی ناڵاندنی مرۆڤەکان کە ڕۆژانە لە ئۆکرانیاوە باس دەکرێن، لەوە دەترسم کە جیهان سڕ بووبێت بەرامبەر ئەم قەیرانە."

تورک لە هەڵسەنگاندنێکدا بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت " ئێستا دوو ساڵ دەبێت دوای ئەوەی فیدراسیۆنی ڕووسیا هێرشە چەکدارییە بەرفراوانەکەی لە وڵاتەکەدا دەستپێکرد. دوو ساڵ لە ناڵاندنێکی زۆر و خوێنڕژان و لە دەستدان. خێزانێکی بێ هەژمار لە یەک دابڕێندراون."

ئاماژەی بەوەدا کە 10,500 هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 20,000 کەسی دیکە بریندار بوون.

وتی " پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر زیاتر بێت."

لە ڕاپۆرتەکەدا کە باس لە ماوەی نێوان 1 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2023 بۆ 29 ی مانگی دووی ئەم ساڵ دەکات، ئاماژەی بەوە داوە بەردەوامبوونی جەنگەکە بووەتە هۆی گەیاندنی زیانێکی گەورە بە هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕێی هێرشەکانەوە بەو " موشەک و تەقەمەنییانەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕووسیاوە بە ئاڕاستەی سەرانسەری ئۆکرانیا هەڵدراون."

وتی ئەمە هۆکاری زیادبوونی بەرچاویی قوربانییانە لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا.

ئەم ساڵ 10 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر لکاندنی نایاسایی نیمچە دوورگەی کرایمیادا بە ڕووسیاوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " لەو ماوەیەدا کرایمیا سزا دراوە، لەسەر کۆمەڵە کردەوەیەک کە بەپێی یاسای ئۆکرانی تاوان نەبوون."

تورک وتی " بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەگەزنامەی ڕووسیایی سەپێندراوە بەسەر خەڵکەکەدا. بەرپرسانی تورکیا دانیشتوانی کرایمیایان کردووە بە سەرباز لە هێزە چەکدارەکانی ڕووسیادا، دواجار ناچارییان کردوون دژی وڵاتەکەی خۆیان شەڕ بکەن."

وتی منداڵانی ئۆکرانیا مافی خوێندنییان بە زمانی خۆیان لێسەندراوەتەوە و خەڵکەکەش مافی ئەوەیان نیە ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

وتیشی " ئەو پێشێلکارییانەی کە لە کرایمیای داگیرکراو تۆمارمان کردوون، ئێستا لەو ناوچانەی ئۆکرانیادا دەبیندرێن کە لەلایەن فیدراسیۆنی ڕووسیاوە دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا داگیریکردوون."

وتی " لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرفراوان یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکانییان پێشێل کردووە، پێشێلکارییەکانیش بریتین لە کوشتن بە نایاساییی و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێن کردن و دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ." ئاماژەشی بەوەدا هیچ سزایەک نەبووە بۆ ئەم پێشێلکارییانە.

کۆمسیارەکەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " هیچ شوێنێک نەبووە بۆ ئەوەی داوای مافی خۆت بکەیت، کاریگەریی ئەم کارانەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس لە نێو خەڵکەکەدا، ئەمەش وایکردووە فیدراسیۆنی ڕووسیا بتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆی پتەوتر بکات."

لەو ماوەیەدا کە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێداوە، بەرپرسانی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپێککەوتنییان لەگەڵ 60 زیندانی جەنگی ئۆکرانیاییدا کردووە کە لە ماوەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا لەگەڵ ڕووسیادا ئازاد کراون. بەرپرسان دەڵێن سەرجەم دیلەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەشکەنجە دراون و لێیان دراوە و کارەبایان لێدراوە و هەڕەشەی لە سێدارەدانییان لێکراوە و ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی و مامەڵە خراپ و توندەکانی دیکە بوونەتەوە.

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان 12 حاڵەتی لە سێدارەدانی لانیکەم 32 دیلی جەنگی ئۆکرانیاییان تۆمار کردووە. توانیویەتی سێ لەم حاڵەتانە پشتڕاست بکاتەوە کە تێیاندا سەربازانی ڕووسیایی حەوت سەربازیی ئۆکرانیایی لە سێدارە دەدەن.

تورک وتی " لە هەمان ماوەدا، ئۆفیسەکەم چاوپێککەوتنی لەگەڵ 44 دیلی جەنگی ڕووسیاییدا کردووە کە لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە گیرابوون. لە کاتێکدا کە هیچ گلەییەکییان نەبوو لەسەر مامەڵە و هەلومەرجی زیندانەکانییان، هەندێکییان باسییان لەوە کردووە کە لە ماوەی گواستنەوەیاندا بۆ شوێنەکان خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و ئەشکەنجە دراون."

وتی " پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا و بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکانەوە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەبێت بە یەکجاریی بوەستێت."

ڕووسیا بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی کرد.

XS
SM
MD
LG