Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژە بڕیاری ئاگربەست لە غەززە پەسەند دەکات


ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە بۆ یەکەمین جار پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوای ڕاگرتنی شەڕەکە دەکات لە غەززە، ئەنجومەنەکە داوای ئاگربەستێکی کرد لە غەززەدا لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا، ئەمەریکا خۆی بە دوورگرت لە دەنگدان لە ئەنجومەنەکەدا و ئەمەش ناڕەزایی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیلی لێکەوتەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو سەردانێکی پلان بۆ داندراوی لەگەڵ شاندێکی باڵادا بۆ ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە و ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " کشانەوە لە هەڵوێستی بنچینەیی " خۆی، ئەوەش لە ڕێی ڕێگەدانییەوە بە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارێک کە ئازادکردنی بارمتەکانی نەکردووە بە مەرجێک بۆ ئاگربەستەکە.

پڕۆژە بڕیارەکە بە 14-0 دەنگ پەسەند کرا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریکا بڕیاریدا دەسەڵاتی ڤیتۆ دژی پڕۆژە بڕیارەکە بەکارنەهێنێت، هاوکات داوای ئازادکردنی سەرجەم ئەو بارمتانەی کرد کە چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل گرتنی.

هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن ئەمەریکاوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی پڕۆژە بڕیارەکانی پێشووی ئاگربەست ئەوە بووە کە نەتوانراوە ئەو پڕۆژە بڕیارانە ببەسترێنەوە بە ئازادکردنی بارمتەکانەوە. ئەمەریکا وتوویەتی دوو بابەتەکە پەیوەستن بە یەکەوە، بەڵام ڕووسیا و چین پشتگیرییان لە ئاگربەستێکی بێ مەرج کردووە.

ئەو پڕۆژە بڕیارەی کە ڕۆژی دووشەممە پەسەندکرا داوای ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەکات، بەڵام نەیکردووە بە مەرجێک بۆ ئاگربەستەکە.

بڕیاری ئەمەریکا بۆ خۆ بەدوورگرتن لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە لە کاتێکدا دێت کە پەیوەندییەکان لە نێوان بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و نەتانیاهودا گرژییان تێکەوتووە، نەتانیاهو پێشتر هەوڵەکانی ئەمەریکای ڕەت کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە و داواکانی بایدنی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی ڕەت کردووەتەوە.

لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا، شاندەکەی ئیسڕائیل بڕیار بوو پلانەکانی ئیسڕائیل بۆ ڕەفەح پێشکەشی بەرپرسانی ئەمەریکا بکات، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی فەلەستینی ڕوویان کردووەتە ڕەفەح و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی ئەمەریکا " سوورە " لەسەر پشتگیریکردنی ئاگربەستێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

دەنگدانەکە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی چین و ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکایان ڕەت کردەوە کە داوای ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی دەکرد لە غەززەدا.

ئەمەریکا هۆشداریشدا لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی ڕۆژی دووشەممە و وتی ڕەنگە زیان بە گفتوگۆکانی ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕی نێوەندگر بگەیەنێت بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییەکان لە غەززە و زیادکردنی ئەگەری ڤیتۆیەکی دیکە، ئەمجارە لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە.

بەهۆی ئەوەی ڕەمەزان لە مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت، ئاگربەستەکە تەنها بۆ دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە نوسراوەکەدا هاتووە دەڵێت وەستاندنی شەڕەکە دەبێت ببێتە هۆی " ئاگربەستێکی بەردەوام و هەمیشەیی."

XS
SM
MD
LG