نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان UN بۆ سوریا گییەر پیدەرسن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، گرنگترین تاقیکردنەوە کە ڕووبەڕووی سوریا ببێتەوە لە دوای دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد ڕێکخستن و جێبەجێکردنی گواستنەوەیەکی سیاسیی دەسەڵاتە.
پیدەرسن وتی سوریا پێویستی بە " ڕێکخستنێکی متمانەپێکراو هەیە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە دیمەشق " کە نوێنەرایەتی سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگەی سوریا بکات.
وتیشی ئەو جۆرە پڕۆسەیە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە خۆشکردنی ڕێگەکە لەبەردەم لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان و گەڕانەوەی پەنابەرەکان، لە هەمان کاتیشدا شکستهێنان لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیە مەترسی " سەرهەڵدانی ململانێیەکی نوێ لە سوریادا دروست دەکات."
پیدەرسن وتی " دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ گۆڕان، بەڵام ئەم دەرفەتە پێویستی بەوەیە لەلایەن خەڵکی سوریاوە کاری لەسەر بکرێت و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری لێبکرێت."
فەرماندەی یاخیبووەکانی سوریا ئەحمەد شەرع کە ناسراوە بە ئەبو محەمەد گۆلانی، ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیدا ناوی ئەو بەرپرسە باڵایانەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بڵاوبکاتەوە کە " دەستییان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی گەلی سوریادا."
گۆلانی لە بەیاننامەیەکدا وتی " خەڵات دەدرێت بە هەر کەسێک کە زانیاری بدات سەبارەت بەو بەرپرسە باڵایانەی سوپا و ئاسایش کە بەشداربوون لە تاوانەکانی جەنگدا."
درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە حکومەتی ئەڵمانیا وتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازییان لە کۆتایی هاتنی ڕژێمەکەی ئەسەد کردووە و وتوویانە کە " ئامادەن پێکەوە لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکاندا کاربکەن لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمینە نەژاد و ئایینییەکان."
وتیشی شۆڵز و ماکرۆن جەختییان کردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا.
نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیشی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێز لەلایەن ئیسڕائیلەوە بۆ ناوچەی داماڵڕاو لە شەڕ لە بەرزاییەکانی گۆلان، کە ئیسڕائیل دەڵێت پێویستە بۆ پاراستنی وڵاتەکەی خۆی.
ڕۆژی سێشەممە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان پیدەرسن وتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام جووڵەکان و بۆردومانەکانی ئیسڕائیل دەبینێت لە سوریادا.
وتی " پێویستە ئەمە بوەستێت."
ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئیسڕائیل لە بەشەکەی سوریادا بوون لە ناوچەی داماڵڕاو لە شەڕ، کە دەکەوێتە 25 کم لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە، ئەمەش بەپێی چەندین سەرچاوەی ئاسایش کە ڕۆیتەرز و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوییان کردووەتەوە.
وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ئاڤیچای ئادرای وتی ئەو هەواڵانەی کە گوایە هێزەکانی ئیسڕائیل لە دیمەشق نزیک دەبنەوە ڕاست نین. وتی هێزەکانی ئیسڕائیل لە ناو ناوچەی داماڵڕاودان لە خاڵە بەرگرییەکاندا لە نزیک سنوورەکە.
ڕوانگەری سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری شەڕەکەی ناو سوریا دەکات، ڕۆژی سێشەممە وتی لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەدەوە لە بەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممەوە تاوەکو ئێستا ئیسڕائیل زیاتر لە 300 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر خاکی سوریا.
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گیدیۆن ستار ڕۆژی دووشەممە وتی هێزەکانی ئیسڕائیل لە شوێنە گومانلێکراوەکانی چەکی کیمیاییان داوە لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئەو چەکانە بچنە ژێر دەستی کارەکتەرە دوژمنکارەکانەوە.
سعودیە سەرکۆنەی کارەکانی ئیسڕائیلی کرد لە سوریا و وتی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن و " دەرفەتەکانی سوریا لە ناودەبەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری خاکەکەی."
یاخیبووەکانی سوریا وتییان گۆلانی ڕۆژی دووشەممە بۆ یەکەمین جار لەگەڵ سەرۆک وەزیری سوریا محەمەد غازی جەلالیدا کۆبووەوەتەوە بە مەبەستی " هەماهەنگیکردن بۆ گواستنەوەیەکی دەسەڵات."
جەلالی بە سکای نیوز عەرەبیەی وت " کاردەکەین بۆ ئەوەی ماوەی گواستنەوەکە بە خێرایی و بە باشی بەڕێوەبچێت."
وتیشی زۆربەی وەزیرەکانی کابینەکە هێشتا لە ئۆفیسەکانییان لە دیمەشق کاردەکەن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا