بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای نزیکەی 4 ملیار دۆلاری کرد وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ سوریا، هۆشداریدا و وتی نەبوونی یارمەتی دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی زیاتری سوریایی ناچار بن کۆچ بکەن.
جەنگەکەی ناو سوریا کە 13 ساڵ لەمەوبەر بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی سوریا دەستیپێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 507,000 کەس، بەهۆی جەنگەکەوە ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون و ئابووریی و ژێرخان و پیشەسازی وڵاتەکەش زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.
هەماهەنگیکاری یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ئادەم عەبدلمولا وتی " لە ساڵی 2024 دا، ئێمە داوای 4.7 ملیار دۆلار دەکەین بۆ دابینکردنی یارمەتی ژیان ڕزگارکەر بۆ 10.8 ملیۆن سوریایی، لە کۆی ئەو 16.7 ملیۆن دانیشتووەی کە پێویستییان بە یارمەتییە."
وتی " لانیکەم 12.9 ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی ناپارێزراویی خۆراک بوونەتەوە."
وتیشی لە 1 ی مانگی سێدا " تەنها لە سەدا 0.02 " ی پلانەکانی دابینکردنی یارمەتی بۆ ئەمساڵ پارەیان بۆ تەرخانکراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە " بەرنامە ژیان ڕزگارکەرەکان و خزمەتگوزارییەکان " کەم دەکرێنەوە یاخود کەمکراونەتەوە.
وتیشی ئەنجام نەدانی هیچ کارێک لەو بارەیەوە مانای ئەوە دەبێت کە لانیکەم 2.5 ملیۆن منداڵ دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە لە دەست دەدەن، لە کاتێکدا کە نزیکەی 2.3 ملیۆن ژنی پێگەیشتوو " ڕەنگە دەستڕاگەیشتنییان بە چاودێری تەندروستی زاوزێ و دایکان لە دەست بدەن."
عەبدلمولا ئاماژەی بە " لاوازیی سوریادا لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوادا "، کە بەهۆی ململانێکانەوە خراپتر بووە و هۆشداریشیدا لەسەر کەمیی ئاو و " شەپۆلەکانی گەرما کە کاردەکەنە سەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی."
وتیشی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی شتومەک لە سوریا، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی بازرگانی جیهانییەوە، هەروەها " زیادبوونی بەرچاویی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل " بۆ سەر ئامانجەکان لە وڵاتەکەدا.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سوریا، ئەو گروپە چەکدارییانەی ناو سوریای کردووەتە ئامانج کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لەوانەش حیزبوڵا. هەروەها پێگەکانی سوپای سوریاشی کردووەتە ئامانج، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی دژی ئامانجەکانی ناو سوریا زیاتر کردووە.
عەبدلمولا وتی " بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەکانی ناو سوریا " کاریگەرییان لەسەر ئەو یارمەتییە مرۆییانەش دروست کردووە کە لە ڕێی ئاسمانەوە دەگوازرێنەوە بۆ سوریا، وتیشی " ساڵی ڕابردوو ناچار بووین 49 گەشتی گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی هەڵبوەشێنینەوە."
هەروەها هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر قەیرانەکانی ناو سوریا پشتگوێ بخرێن ئەوا ڕەنگە " چەندین دەرەنجامی کارەساتاوی لێبکەوێتەوە "، لەوانەش " سەرهەڵدانەوەی تیرۆر " و ناسەقامگیرتربوونی وڵاتانی دراوسێی سوریاش، بە لوبنان و ئوردنیشیەوە، ئەوەش بەهۆی " دروست نەکردنی ژینگەیەکی گونجاوەوە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران " بۆ سوریا.
هەروەها هۆشداریشیدا لەسەر زیادبوونی بەرچاوی کۆچکردن بۆ ئەوروپا، وتی لە ساڵی 2023 دا " کۆچی سوریاییەکان بۆ ئەوروپا لە سەدا 38 زیادیکردووە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس