Accessibility links

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێستا لە سوریا هیوایەک هەیە و داوا دەکات هێرشەکانی ئیسڕائیل ڕابگیرێن


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی پێنجشەممە وتی " گڕێکی هیوا " هەیە لە سوریادا دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، بەڵام هۆشداریشیدا لەسەر ئەو ئاستەنگییە گەورەیەی کە لە پێشەوەیە.

گۆتیرێش تیشکی خستەسەر هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی سوریا و وتی ئەو هێرشانە " پێشێلکردنی " سەروەری سوریان و داوای کرد کۆتاییان بێت.

وتی " ئاگرێکی زۆر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خواردووە، بەڵام ئەمڕۆ گڕێکی هیوا هەیە لە سوریادا، نابێت ئەو گڕە بکوژێندرێتەوە."

وتیشی " گەلی سوریا لە ساتێکی مێژوویی و ساتێکی دەرفەتدان، نابێت ئەو دەرفەتە لە دەست بچێت."

دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی زۆری کردە سەر شوێنە سەربازییەکان، بە هێزی ئاسمانی و دەریایی و کۆگاکانی چەکیشییەوە.

گۆتیرێش پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، وتی " هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئیسڕائیل بەردەوامن. ئەمانە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی سوریان، دەبێت ڕابگیرێن."

گۆتیرێش سەرکۆنەی ئیسڕائیلیشی کرد لەسەر ئەوەی هێزەکانی ناردووە بۆ ناوچەی داماڵڕاو لە چەک لە ناو سوریادا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایمەزراندووە و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و سوریا.

وتی " ئەو ئاشتی پارێزانە دەبێت ئازادی هاتووچۆیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کارە گرنگەکەیان ئەنجام بدەن. ئیسڕائیل و سوریا دەبێت پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنی نەهێشتنی پێکدادانی ساڵی 1974 بن کە تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی کاری پێدەکرێت."

گۆتیرێش باسی لە ئەگەری ئەوەش کرد کە ڕەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکەمین هەنگاو بگرێتەبەر بەرەو کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سوریا.

وتی " نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە سزاکان بەسەر ڕژێمەکەی ئەسەددا سەپێندراون. دۆخەکە گۆڕاوە. ئاشکرایە کە ئێستا لە پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتداین. لەو پڕۆسەیەشدا پێم وایە کار هەیە کە دەبێت هەردوولا ئەنجامی بدەن."

وتی " بەڵام دەبێت لانیکەم یەکەم دەستپێشخەری هەبێت، یەکەم دەستپێشخەری کە هاوسۆزی لەگەڵ گەلی سوریادا پیشان بدات تاوەکو ئەو کاتەی کە مەرجەکانی لابردنی سزاکان جێبەجێ دەکرێن."

گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام کە پێشتر سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەل قاعیدە بووە و لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرێت، لە هێرشێکی کتوپڕدا دیمەشقی پایتەختی سوریای کۆنتڕۆڵ کردەوە و ئەسەدی دوورخستەوە، هەروەها بەڵێنیداوە کەمینەکانی ناو سوریا بپارێزێت.

بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەلەیان نیە بۆ لابردنی سزاکانی سەر سوریا و ئەندامانی تەحریر شامیش، چاوەڕێ دەکەن بزانن بەرپرسانی نوێی سوریا چۆن دەسەڵاتەکانییان بەکاردەهێنن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG