Accessibility links

ئەمەریکا هۆشداری دەداتە مۆسکۆ و مینسک دژی ڕەوانەکردنی چەکی ناوەکی بۆ بێلاڕووس


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لەمیانەی کۆنفرانسی داماڵینی چەکدا لە جنێڤ،
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لەمیانەی کۆنفرانسی داماڵینی چەکدا لە جنێڤ،

لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەک، ئەمەریکا هۆشداریدایە ڕووسیا و بێلاڕووس لەسەر ئەوەی چەکی ناوەکی ڕەوانەی بێلاڕووس نەکەن، لەکاتێکدا ڕووسیا بۆردومانەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا چڕتر کردۆتەوە.

نوێنەری ئەمەریکا ئۆد فرانسیس مککیرنان لە کۆنفرانسێکی داماڵینی چەکدا وتی " هەر جوڵەیەکی ڕووسیا بۆ ڕەوانەکردنی چەکی ناوەکی بۆ بێلاڕووس بەشێوەیەکی مەترسیدار وروژێنەر دەبێت و ناوچەکە ناسەقامگیرتر دەکات. داوا لە بێلاڕووس دەکەین سیاسەتەکانی ڕووسیا بۆ هەڕەشەکردن بە چەکی ناوەکی و تۆقاندن ڕەت بکاتەوە."

لێدوانەکەی نوێنەرەکەی ئەمەریکا لەکاتێکدا هات لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی داگیرکارییەکەی ڕووسیا کرا، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆکرانیا لە کۆنفرانسەکەدا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " پێشێلکردنی کۆمەڵێکی پەیماننامەی داماڵینی چەک."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا ڕایانگەیاند ڕۆژی یەکشەممە لە بێلاڕووس گشتپرسییەک لەسەر پێگەی وڵاتەکە وەکو وڵاتێکی بێ چەکی ناوەکی ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا بێلاڕووس دەستبەرداری ئەو پێگەیە بوو، ئەمەش لەکاتێکدایە بێلاڕووس بووەتە شوێنێک بۆ دەستپێکی ئەرکە سەربازییەکانی ڕووسیا.

دوایین جار چەکی ناوەکی لەسەر خاکی بێلاڕووس بووبێت لە ساڵی 1991 دا بوو کاتێک لە یەکێتی سۆڤیەت جیابۆوە و دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکانی بوو، بەڵام بەپێی ئەم دەستوورە نوێیە، بێلاڕووس جارێکی دیکە دەتوانێت چەکی ناوەکی لەسەر خاکەکەی دابنێت.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا وتی ئۆکرانیا ماوەیەکە هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، وتیشی مۆسکۆ ویستوویەتی ڕێگە لەوە بگرێت.

بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی ڕۆژی چوارشەممە لە ڤییەنا بە ڕۆژنامەنووسانی وت دەزگاکە هیچ بەڵگەیەکی لانیە پشتیوانی لەو قسەیەی لاڤرۆڤ بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG