Accessibility links

زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی دیموکراسی لە ئەمەریکا لە مەترسیدایە


لە وڵاتێکی جەمسەرگیری سیاسیدا، وادەردەکەوێت ئەمەریکاییەکان لەسەر یەک پرس لە بارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ەوە هاوڕا بن، ئەویش نیگەرانییە لەسەر دۆخی دیموکراسی و ئەوەی کە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن کاریگەریی لەسەر ئایندەی وڵاتەکە دەبێت.

بەڵام لەسەر ئەوە کۆک نین کێ هەڕەشە دەبێت بۆ سەر دیموکراسی لە وڵاتەکەدا.

لە ڕاپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی کاروباری کۆمەڵایەتی دەزگای هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس-سەنتەری NORC دەرکەوتووە لە سەدا 62 ی هاووڵاتییانی پێگەیشتووی ئەمەریکا دەڵێن دیموکراسی لە ئەمەریکا ڕەنگە لە مەترسیدا بێت، ئەوەش بەند دەبێت بەوەوە کێ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا سەردەکەوێت. لە سەدا 72 ی دیموکراتەکان و لە سەدا 55 ی کۆمارییەکان هەمان بۆچوونییان هەیە، بەڵام هۆکاری جیاوازییان هەیە بۆ ئەو بۆچوونە هاوبەشەیان.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵیداوە ئایندەیەکی دیستۆپیایی بخاتەڕوو ئەگەر سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان دانۆڵد ترامپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیدا لە ڕکابەرەکانی و ڕەتی کردەوە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی کۆشکی سپی بە دووربزانێت. ترامپ دەڵێت دۆسییەکانی دژی دەریدەخەن کە بایدن حکومەتی فیدڕاڵی پڕچەک کردووە بۆ لێپێچینەوە لە ڕکابەرێکی سیاسیی، هەروەها بایدنی بە " لە ناوبەری دیموکراسی ئەمەریکا " ناوبردووە.

پڕۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکانی زانکۆی شیکاگۆ، مایکڵ ئەلبیرتوس، دەڵێت "پێم وایە لەلایەنی چەپەوە، زۆر ئاشکرایە کە ئەوان نیگەرانن سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکێک کە خۆی دان بەوەدا دەنێت کە تاکڕەوە، کەسێک کە بە ئاشکرا دەیەوێت پشکنینەکان و هاوسەنگییەکان لە نێو حکومەتدا کەم بکاتەوە بۆ پتەوکردنی سەرۆکایەتی و بە شێوەیەک ئەو کارە بکات کە دەسەڵاتێکی بێپێشینە بدات بە لقی جێبەجێکاری لە سەرانسەری دانیشتوان و کەرتەکانی حکومەتدا."

وتیشی " لەلایەنی ڕاستەوە، کۆمارییەکان بیر لە فێڵی حکومەت، حکومەتی گەورە، هەڕەشەکان دەکەنەوە بۆ سەر ئازادی و بژاردەکان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیاریکراو مامەڵە بکەن یاخود هەندێک سیاسەتی دیاریکراو بگرنەبەر."

لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە نزیکەی نیوەی هاووڵاتییانی پێگەیشتووی ئەمەریکا، لە سەدا 51 ، دەڵێن دیموکراسی لە وڵاتەکە " زۆر زۆر باش نیە " یاخود " هەر باش نیە."

ڕاپرسییەکە پرسیاری کردووە سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوو بۆ 12 پرس، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە ئەو ڕێژەیەی کە وتوویانە دەرئەنجامەکەی زۆر یان ئێجگار زۆر گرنگ دەبێت بۆ پرسی داهاتووی دیموکراسی لە ئەمەریکا لە سەدا 67 بووە و بۆ ئابووری لە سەدا 75 و بۆ پرسی خەرجییەکانی حکومەت لە سەدا 67 و بۆ پرسی کۆچبەری لە سەدا 66 بووە.

تۆنی مۆتس کە کارمەندێکی خانەنشینکراوی ئاگرکوژێنەوەیە و لە مۆنڕۆوی جۆرجیا دەژی، باسی لە چەند هۆکارێک کرد لەسەر ئەوەی کە باوەڕی وایە " ئێمە لە دیموکراسییەکی تەواودا ناژین." ئەو هۆکارانەش بریتین لە خراپبوونی مافەکان بە تایبەتی مافی دایکان و باوکان، دز و تاوانکارەکانی دیکە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت و سنوورەکانی ئەمەریکاش پارێزراو نین.

مۆتس کە کۆمارییە وتیشی ئەو دۆسییەی تاوانانەی کە دژی ترامپ خراونەتەڕوو نەریتە دیموکراسییەکانی وڵاتەکە دەخەنە مەترسییەوە.

وتی " ئەوان هەوڵ دەدەن ' ترامپ ' دووربخەنەوە لە هەڵبژاردنەکان چونکە دەزانن کە ئەو دەیباتەوە."

لە ڕاپرسییەکەدا هاووڵاتییان پێیان وایە سیستمی حکومڕانی وڵاتەکە بە باشی کار ناکات تاوەکو لە ئاست بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بێت، لە بوارەکانی کۆچەوە بۆ لەباربردن و ئابووری.

ڕۆبەرت لیبەرمانی پڕۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکینز، لە ڕابردوودا توێژینەوەی لەسەر ڕووخانی دیموکراسییەکان کردووە لە شوێنانی دیکە و ئەو هۆکارانەشی کە دەبنە هۆی ڕووخانی دیموکراسیەت.

هۆکارەکانش بریتین لە جەمسەرگیری و زیادبوونی دژایەتی نەژاد و ڕەگەزەکان و زیادبوونی نایەکسانی ئابووری و زیادبوون و چڕبوونی دەسەڵات لە ژێر دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵاتێکدا.

لیبەرمان دەڵێت " چەند ساڵێک دەبێت ئەمەریکا چوار لەو حاڵەتانەی تێدایە، بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا. لەبەرئەوە ئێمە لە ماوەیەکداین کە پێگەیشتووە بۆ تەحەداکردنی دیموکراسی."

لە ڕاپرسییەکەدا دەردەکەوێت کە لە سەدا 87 ی دیموکراتەکان و لە سەدا 54 ی سەربەخۆکان باوەڕییان وایە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترامپ بە شێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر دیموکراسی ئەمەریکا. بۆ کۆمارییەکانیش، لە سەدا 82 باوەڕییان وایە ئەگەر بایدن جارێکی دیکە وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە ئەوا دیموکراسی لە ئەمەریکا لاواز دەبێت، لە سەدا 56 ی سەربەخۆکانیش لەگەڵ ئەوەدا هاوڕان.

نزیکەی 2 کەس لە کۆی 10 هاووڵاتی ئەمەریکایی کە دەکاتە لە سەدا 19 ، پێیان وایە " دیموکراسی لە ئەمەریکا ئەوەندە بە سەختی شکاوە کە گرنگ نیە کێ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 دا سەردەکەوێت." لە سەدا 23 ی کۆمارییەکان لەگەڵ ئەمەدا هاوڕان و لە سەدا 10 ی دیموکراتەکانیش هەمان بۆچوونییان هەیە.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەکانی زانکۆی جۆنز هاپکینز، لیلیانا مەیسن، دەڵێت سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕە هەواڵییەکان بناغەی جەمسەرگیری پتەوتر دەکەن و ئەوەش وادەکات خەڵکەکە کە بۆچوونی سیاسیی جیاوازییان هەیە باوەڕ بکەن بەوەی کە لایەنەکەی دیکە ئەو لایەنەیە کە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر دیموکراسی وڵاتەکە.

مەیسن وتی " پێم وانیە خەڵکەکە زیادەڕۆیی بکەن، پێم وایە ئەوان لە ڕاستیدا لە ژینگەیەکی زانیاریدا دەژین کە تێیدا ڕاستییەکان بۆ ئەوان ئەوەیە کە دیموکراسی لە مەترسیدایە."

مەیسن وتی لایەنێک لەوە دەترسێت ترامپ ئەوە بکات کە دەڵێت دەیکەم ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، هاوکات ئەوی دیکە وەڵامی ئەو ترسە دەداتەوە کە لە سیستمی ژینگەی میدیایەکدا دروست بووە کە دەڵێت دیموکراتەکان دەیانەوێت ئەمەریکا لە ناوببەن و بیکەن بە کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیست یاخود کۆمەنیست.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG