وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی واشنتن وەڵامی لە بەرپرسانی کازاخستان دەوێت لەسەر ئەوەی بۆچی پێویستیان بەوە بووە پەیوەندیی بەو هێزانەوە بکەن کە ڕوسیا ڕابەرایەتیان دەکات تاوەکو یارمەتیان بدەن لە خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی وڵاتەکەدا، هەروەها سەرکۆنەی فەرمانەکەی حکومەتی کازاخستانی کرد بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران.
بلینکن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن وتی " پرسیاری ڕاستەقینەمان هەیە سەبارەت بەوەی بۆچی پێویستیان بەوە بووە پەیوەندی بەم ڕێکخراوەوە بکەن کە ڕوسیا ڕابەرایەتی دەکات." وتیشی کازاخستان دەبێت لەتوانایدا هەبێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا بکات. وتیشی " داوای ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین."
جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو ڕوسیا هێزی ڕەوانەی کازاخستان کرد تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکاندا، هاوکات حکومەتی ئەو وڵاتە فەرمانی بە تەقەکردن کرد لە خۆپیشاندەران.
بلینکن وتی " فەرمانی تەقەکردن بۆ کوشتن، هەڵەیە و دەبێت پوچەڵ بکرێتەوە."
بلینکن وتی " وانەیەک لە مێژووەوە ئەوەیە هەر کە ڕوسییەکان بێنە ماڵەکەتەوە، هەندێک کات زۆر قورس دەبێت ناچارییان بکەیت بڕۆن."
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت ڕەوانەکردنی هێز بۆ کازاخستان لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتە بووە و داوایکردووە لەلایەن ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشەوە یارمەتی بدرێت، کە ئەو ڕێکخراوەش هاوپەیمانێتیەکە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، ڕوسیاش ڕابەرایەتیان دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز