سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی بە فەڕمی کۆنگرێسی ئاگادار کردەوە لە نیازەکانی بۆ بەردەوامبوون لە گرێبەستە 23 ملیار دۆلارییەکەی فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بە تورکیا، ئەمەش لە هەنگاوێکی گرنگدا بەرەو تەواوکردنی ئەو پڕۆسەیە کە ماوەیەکی دوورودرێژە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە دواخراوە.
ڕۆژێک دوای ئەوەی تورکیا بە تەواوەتی داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ تەواو کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگادارکردنەوەیەکی نارد بۆ بەرەوپێشبردنی فرۆشتنی 40 فڕۆکەی F-16 ی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکایی و 80 کەلوپەلی نوێکردنەوە بە تورکیا. ئەمەریکا فرۆشتنی ئەو فڕۆکانەی بە تورکیا بەستبووەوە بەوەوە کە تورکیا داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند بکات.
بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن فرۆشتنی 20 فڕۆکەی F-16 ی شەڕکەری بە یۆنانی هاوپەیمانی ناتۆی بەرەوپێشبرد، لە گرێبەستێکی 8.6 ملیار دۆلاریدا کە تێیدا واشنتن هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک ڕابگرێت لە نێوان تورکیا و یۆناندا کە مێژووییەکیان هەیە لە گرژی لە پەیوەندییەکانیاندا.
تورکیا سەرەتا لە مانگی 10 ی ساڵی 2021 دا داوای کڕینی ئەو فڕۆکە شەڕکەرانەی کرد، بەڵام دواخستنی داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە بووە یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکان لەبەردەم ڕازیبوونی کۆنگرێسی ئەمەریکادا بۆ فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە تورکیا.
دوای 20 مانگ لە دواخستنی، لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی تورکیا داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند کرد، دوابەدوای ئەوەش سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن نامەیەکی ڕەوانەی ڕابەرانی کۆمیتە سەرەکییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و داوای لێکردن " بەبێ دواکەوتن " ڕازی ببن بە فرۆشتنی F-16 بە تورکیا.
سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سیناتۆر بێن کاردینی دیموکرات وتی " ڕەزامەندی من لەسەر داواکەی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەکانی F-16 لەسەر ئەوە بووە تورکیا ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا پەسەند بکات. بەڵام بە هەڵە تێمەگەن، ئەمە بڕیارێک نەبوو بتوانم بە ئاسانی بیدەم." کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات یەکێکە لەو چوار کۆمیتەیەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە پێویستە فرۆشتنی چەکەکان پەسەند بکات.
کاردین وتی تورکیا پێویستی بەوەیە دەستبەجێ تۆماری لە مافەکانی مرۆڤدا باش بکات، هاریکارییەکانی باشتر بکات لە لێپێچینەوە لە ڕووسیا لەسەر داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیادا و یارمەتیدەریش بێت لە هێورکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕابەرانی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات و کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەک بە دەرەوە دەکەن. بەردەوام پرسیار دەکەن لەسەر بابەتەکانی وەکو مافەکانی مرۆڤ و کێشە دیبلۆماتییەکانی ئەو وڵاتەی کە چەکەکەی پێدەفرۆشرێت، بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا دەبێت ڕێگری لەم جۆرە گرێبەستانە بکەن یاخود نا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز