Accessibility links

سەربازێکی ئەمەریکایی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسڕائیلدا لە واشنتن خۆی دەسووتێنێت


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت سەربازێکی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسڕائیلدا لە واشنتن خۆی سوتاندووە و گیانی لە دەستداوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی جەنگەکەی ناو غەززە.

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی واشنتن وتی تیمەکانی فریاگوزاری خێرا، ڕۆژی یەکشەممە بەپەلە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، وەکو وەڵامێک بۆ " پەیوەندییەکی تەلەفونی کە ئاماژەی بەوە داوە کەسێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسڕائیلدا خۆی سوتاندووە."

تیمەکە کاتێک کە گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە، ئەفسەرانی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی و پۆلیس کە ئەرکی پاراستنی باڵیۆزخانەکەیان پێدراوە پێشتر ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، پیاوەکە لە کاتێکدا کە خۆی دەسووتێنێت ڤیدیۆی خۆی دەکات و هاوار دەکات " فەلەستین ئازاد بکەن."

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە وتی پیاوەکە سەرەتا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و " برینەکانی زۆر سەخت " بوون.

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژێکی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " کەسەکە کە لە ڕووداوەکەی دوێنێدا بووە بەهۆی برینەکانییەوە شەوی ڕابردوو گیانی لە دەستداوە." بەڵام ئاماژەی بە ناوەکەی نەدا.

وتی " دوای تەواوبوونی ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەی لە 24 کاتژمێردا، وردەکاری زیاتر بڵاودەکەینەوە."

وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە واشنتن وتی هیچ کارمەندێکی باڵیۆزخانەکە لە ڕووداوەکەدا زیانی پێنەگەیشتووە، وتیشی پیاوەکە " نەناسراو " بووە بۆ ئەوان.

لە ڤیدیۆکەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، پیاوێک دەبیندرێت بە جلوبەرگی سەربازییەوە و دەڵێت " بەشدار نابێت لە کۆمەڵکوژیدا " و دواتر شلەیەک دەکات بە خۆیدا.

دواتر گڕ بەردەداتە خۆی و هاوار دەکات " فەلەستین ئازاد بکەن "، تاوەکو ئەو کاتەی دەکەوێت بە زەویدا.

ڕووداوەکە لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری ئەمەریکادا دژی کارەکانی ئیسڕائیل لە غەززە لە زیادبووندان. لە کاتێکیشدا کە بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە ژمارەی کوژراوان بەهۆی جەنگەکەوە لە غەززە لە 30,000 کەس نزیک بووەتەوە، فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەمەریکا زیاتر بوون تاوەکو دەسەڵاتەکانی بەسەر ئیسڕائیلی هاوپەیمانیدا بەکاربهێنێت و داوای ئاگربەست بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG