Accessibility links

ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر دامەزراوەکانی سەر بە ئێران لە سوریا


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا دوو هێرشی ئاسمانی دژی ئێران و گروپەکانی سەر ئێرانی لە سوریا ئەنجام داوە، ئەمەش لە نوێترین وەڵامی ئەمەریکادا بۆ زنجیرەیەک هێرش دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشەکان دامەزراوەیەکی مەشقییان لە نزیک شاری ئەلبو کەمال و حەشارگەیەکییان لە نزیک شاری مەیادین کردووەتە ئامانج. وتی سەرۆک بایدن فەرمانی بە هێرشە ئاسمانییەکان کردووە.

ئۆستن وتی " سەرۆک هیچ ئەرکێکی سەرەکیتری نیە لە پارێزراویی سەربازانی ئەمەریکا، هەروەها فەرمانی بە کارەکەی ئەمڕۆ کردووە بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئەمەریکا بەرگری لە خۆی و سەربازەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات."

سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکان کامپێکییان کردووەتە ئامانج لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای ئەلبو کەمال لە دەیرەزوور کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە بەڕێوەبراوە. هێرشەکەی دیکە لە نزیک پردێکی نزیک شاری مەیادین بووە، لە نزیک سنووری عێراق و شوێنی سەرەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

هێرشەکە سێیەمین هێرشی ئاسمانی ئەمەریکایە لە 26 ی مانگی 10 ەوە، لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵی سەرکوتکردنی شەپۆلی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و ڕۆکێتەکان دەدات دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق، کە هەموویان بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە دروست بوون.

ئێران و لایەنگرەکانی دەڵێن ئەمەریکا بەرپرسیارێتی هەیە لە جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لانیکەم 40 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریادا لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە. لانیکەم 45 سەربازیی ئەمەریکایی بریندار بوون بەڵام برینەکانییان سووک بووە.

ئەمەریکا 900 سەربازی لە سوریادا هەیە و 2500 سەربازی دیکەی لە عێراقدا هەیە، ئەرکی ئەو هێزانە مەشق و ڕاهێنانە بە هێزە ناوخۆییەکان کە هەوڵی ڕێگریکردن دەدەن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش.

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی هێرشە ئاسمانییەکان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ئەنجام دراون و لە ئێستادا ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هێرشەکاندا دەکات تاوەکو بزانێت کە ئایا کەس لە هێرشەکاندا کوژراون یاخود برینداربوون یان نا.

نیگەرانی هەیە لەسەر پەرەسەندنی ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ببنە ئامانجی هێرشەکان.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە ئەمەریکا کەشتی و فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، لەوانەش دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگرییان تێدایە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران. ئەمەریکا لە هەمان کاتیشدا هەزاران سەربازیی دیکەی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG