کەمی کەشتی جەنگی پشتیوانی ئەمەریکایی بۆ فەرماندەکان لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە خاڵێکی خراپ و بەرپرسانی بەرگری بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن کە قەیرانەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی ئاگری دەریایی.
فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمەریکا ئێریک سمیث لە چاوپێککەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی " هێزم هەیە، یەکەکانم هەیە، فەوجم هەیە و موشەکیشم هەیە، تەنها کەشتی پشتیوانیم نیە."
لە کاتێکدا کە کەشتییە جەنگییە پشتیوانییەکان تەنها لە سەدا 10 ی کەشتیگەلی ئەمەریکا پێکدەهێنن، کەشتییەکان جێگرەوەی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانن کاتێک فەرماندەکان پێویستییان بە وردییەکی زیاتر دەبێت. هەروەها تەنها کەشتین کە بۆ هێزی کاردانەوەی خێرای هێزی دەریایی ئەمەریکا دروست کراون، کەشتییەکان بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەل و سەربازەکان لە دەریاوە بۆ وشکانی بەکاردەهێندرێن لە ماوەی هێرشکردندا و دەچنە سەر وشکانی.
سمیث وتی " کەشتییە پشتیوانییەکان زۆر گرنگن بۆ ئێمە. بەشێکی سەرەکین لەوەی ئێمە کێین وەکو هێزی دەریایی."
سمیث دەڵێت سوپا پێویستی بە سێ یەکەی کەشتی لەم جۆرە هەیە کە بەردەوام لە دەرەوە بن، یەکێک لە کەناری ڕۆژهەڵات، یەکێک لە کەناری ڕۆژئاوا و یەکێک لە ژاپۆن.
بەڵام سمیث بە دەنگی ئەمەریکای وت کە ئەو داواکارییە ناکرێت جێبەجێ بکرێت بەهۆی ژمارەی ئەو کەشتییانەوە کە ئەمڕۆ ئامادەن و لەبەردەستدان.
شێلبی ئۆکلی لە ئۆفیسی لێپرسینەوەی حکومەت دەڵێت لە کاتێکدا سوپای ئەمەریکا سەرقاڵی دوو جەنگ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەشتیگەلی پشتیوانی گرنگییان پێنەدەدرا و چاک نەدەکرانەوە، ئەوەش وایکرد کەشتیگەلەکە خراپ ببێت. ئۆکلی لە مانگی دوانزەدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە نیوەی ئەو 32 کەشتییە پشتیوانییەی کە لە کەشتیگەلەکەدا هەن لە بارودۆخێکی خراپدان.
ئۆکلی بە دەنگی ئەمەریکای وت " تۆ ئەم کەشتییانە بەسەر وشکانیدا دەبەیت و گرنگییان پێنادەیت. ئەمە وەکو ئەوە وایە کە ئوتومبێلەکەت بەردەوام لێبخوڕیت و ڕۆنەکەشی نەگۆڕیت و پێشبینی بکەیت 15 ساڵ کار بکات. سیستمە سەرەکییەکان بەوشێوەیە کار ناکەن کە دەبووایە کارییان بکردایە."
لە ساڵی 2022 دا کۆنگرێسی ئەمەریکا فەرمانی بە هێزی دەریایی کرد لانیکەم 31 کەشتی پشتیوانی لە کەشتیگەلەکەیدا بهێڵێتەوە. هێزی دەریایی وتی 31 کەشتی بەسە بۆ تەواوکردنی کارەکانییان، بەڵام بە مەرجێک کەشتییەکان سەرجەمییان ڕێژەی ئامادەییان لە سەدا 80 یاخود سەرووتر بێت.
سمیث وتی " ڕێژەی ئامادەییەکە ئێستا هاتووەتە خوارەوە بۆ لە سەدا 50، دەبێت لە سەدا 80 بێت، دەڵێم ئەوە قەیرانە."
یەکێک لەو جۆرە کەشتییانە، یو ئێس ئێس تۆرتوگا، زیاتر لە دەیەیەکە نەجووڵاوە. ئۆفیسی لێپرسینەوەی حکومەتیش دەڵێت 15 کەشتی دیکە هەن کە ناتوانن ماوەی 40 ساڵی تەمەنی کارکردنییان تەواو بکەن.
ئەدمیڕاڵ جیم کیڵبی سەرۆکی کاربەڕێکەری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی دەریایی بە دەنگی ئەمەریکای وت " هەوڵ دەدەین هێزە پیرەکەمان بە ئامادەیی بهێڵینەوە و سەنگ بخەینە سەر ئەوەی دەبێت چی بکەن."
بەپێی کیڵبی، کێشەکە هەر تەنها لە کەشتییە پشتیوانییەکاندا نیە.
وتی " کێشەکە لە سەرانسەری هێزی دەریاییدا هەیە. کاتێک پەیوەندیم کرد بە هێزی دەریاییەوە، نزیکەی 600 کەشتیمان هەبوو. ئێستا نیوەی ئەوەمان هەیە، بەڵام هێشتا هەوڵ دەدەین هەمان ئەرک بکەین."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
بەرپرسێکی باڵای هێزی دەریایی ئەمەریکا باس لە ' قەیرانی ' کەمی کەشتی جەنگی پشتیوانی دەکات
