سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ گەورەترین بنکەی ئاسمانیان لە ئەفغانستان جێهێشت، ئەمەش ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی بەمزووانە سەرجەم هێزە بیانییەکان کشانەوەیان لە ئەفغانستان تەواو دەکەن.
بنکەی ئاسمانی باگرام ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە ئەرکە سەربازییەکانی ئەمەریکادا لە ئەفغانستان، لە ماوەی شەڕە دورودرێژەکەیاندا دژی تاڵیبان و ئەل قاعیدە، پشتیوانیەکان دەگەیشتنە ئەو بنکەیە و هەر لەوێوە هێرشە ئاسمانییەکان ئەنجام دەدران.
بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان باگرامیان جێهێشتووە."
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکانی لە بنکەی ئاسمانی باگرام پشتڕاست کردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان فەواد ئامان وتی " شەوی ڕابردوو سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بنکەی ئاسمانی باگرامیان جێهێشتووە و بنکەکە ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان کراوەتەوە."
لەلای خۆیەوە وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید پێشوازی لەو هەواڵە کرد و وتی " کشانەوەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانین، بە کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانیەکان ئەفغانییەکان دەتوانن نزیکتر ببنەوە لە ئاشتی و سەقامگیری." هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کشانەوەکە سوودی بۆ حکومەتی ئەمەریکاش دەبێت.
بنکەی باگرام وەکو شارێکی بچووکی لێکرابوو، سەدان هەزاران سەربازی ئەمەریکا و ناتۆ و بەڵێندەران چوونەتە ئەوێ، لە بنکەکەدا مەلەوانگە و سینەما و سپای تێدابوو، تەنانەت خواردنی خێرای وەکو بەرگەر کینگ و پیزا هەتیشی تێدابوو.
هەروەها بەندینخانەیەکیشی تێدابوو بۆ زیندانیەکانی تاڵیبان و جیهادییەکان.
باگرام لە ساڵی 1950 کاندا لەلایەن ئەمەریکا و ئەفغانستانی هاوپەیمانیەوە دژی یەکێتی سۆڤیەت لە باکوورەوە دروستکرا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، فرانس پرێس