Accessibility links

ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کۆسۆڤۆ دەکەن


فەڕەنسا، بەڕیتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ئەمەریکا سەرکۆنەی بڕیارەکەی کۆسۆڤۆیان کرد بۆ بەکارهێنانی هێز بۆ چوونە ناو بینای شارەوانی شارێکی باکووری کۆسۆڤۆوە و داوایان لە بەرپرسانی کۆسۆڤۆ کرد پاشەکشە بکەن و دۆخەکە هێور بکەنەوە.

پێنج وڵاتەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لە ماڵپەڕی حکومەتی بەڕیتانیا بڵاوکراوەتەوە دەڵێن "سەرکۆنەی بڕیارەکەی کۆسۆڤۆ دەکەین بۆ بەکارهێنانی هێز بۆ چوونە ناو بیناکانی شارەوانییەوە لە باکووری کۆسۆڤۆ، ئەوەش سەرەڕای داواکانمان بۆ دان بەخۆداگرتن. داوا لە بەرپرسانی کۆسۆڤۆش دەکەین دەستبەجێ پاشەکشە بکەن و دۆخەکە هێور بکەنەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ هەماهەنگی بکەن."

وتیشیان "نیگەرانین سەبارەت بە بڕیارەکەی سڕبیا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و کۆسۆڤۆ و داوا لە لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە لێدوانی وروژێنەر بە دووربگرن."

لە شارۆچکەی زڤیکان لە بەردەم بینای شارەوانیدا پۆلیس گازی فرمێسک ڕژێنی ڕشت بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران. خۆپیشاندەران هەوڵیان دەدا ڕێگری لە سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی شارەوانی بکەن تاوەکو نەچێتە بینای شارەوانییەوە، سەرۆکە هەڵبژێردراوەکە ئەلبانییە، سڕبییەکانی کۆسۆڤۆش بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانەیان کردبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG