Accessibility links

وەک پەیامێک بۆ ئێران ئەمەریکا فڕۆکەی B-52 ڕەوانەی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات


لەشکری ئەمەریکا بۆ یەکەم جار لەوەتای جۆو بایدن دەسەڵاتی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتووەتەدەست، فڕۆکەی بۆمب‌هاوێژی جۆری B-52 بۆ سەر ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نارد، ئەمەش وەک پەیامێکی هوشداری بۆ ئێران.

فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە وێنەی فڕۆکەکەی بڵاوکردەوە کە ژمارەیەک فڕۆکەی F-15 ی عەرەبستانی سعودی یاوەریـیان دەکرد کاتێک بە ئاسمانی کەنداودا دەفڕی.

لەشکر لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی ئەمە سێـیەم جارە لە ماوەی ئەمساڵدا بۆمب‌هاوێژی B-52 ی ڕەوانەی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. فڕۆکەکە لە بنکەی هێزی ئاسمانی بارکاسدێڵ لە ویلایەتی لویزیانای ئەمەریکاوە هەستاوە و بەبێ وەستان بەردەوامبووە لە فڕیندا هەتا ئەرکەکەی تەواوبووە.

دەشڵێت ئەمە دەیسەلمێنێت لەشکری ئەمەریکا وابەستەیە بە ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها پـیشانی دەدات کە چەندە بە خێرایی دەتوانن هێز بنێرێت.

کاربەدەستێکی لەشکری ئەمەریکا ئەویش بە ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵی گوتووە مەبەست لەم هەنگاوە پـیشاندانی ئامادەیی ئەمەریکایە لە بەرپەرچدانەوەی هەر کارێکی دوژمنکارانە لە ناوچەکە و هەروەها بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانانە.

ئەم فڕۆکەیە نزیکەی 50 مەتر درێژە و 8 بزوێنەری هەیە و دەتوانێت چەکی قورس هەڵبگرێت، لەوانە چەکی ئەتۆمی. هەروەها نوێترین تەکنەلۆجیای تێدایە بۆ لێدانی ئامانجەکان بە وردی.

XS
SM
MD
LG