Accessibility links

ژمارەی باڵندەکان لە ئەمەریکا کەم دەبنەوە


بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن هاوپەیمانی گرووپەکانی زانست و پارێزگاریکردنەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی باڵندەکان لە ئەمەریکا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کە ئەمەش جێگای نیگەرانی لەقەڵەم دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی دۆخی باڵندەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2025 دا، لە دەستدانی ژینگەی گونجای پەناگەکانیان و گۆڕانی کەش و هەوا بەشێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی باڵندەکان.

زیاتر لە 100 جۆری باڵندە توێژینەوەیان لەسەر کراوە، گەیشتوونەتە " خاڵێکی وەرچەرخان " و لە 50 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە نیوەی ژمارەکەیان لەدەستداوە. ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە ژمارەی باڵندە لە سەرجەم ژینگەکاندا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات، بە ژمارەی مراوییەکانیشەوە، کە پێشتر بە سەرکەوتنی پاراستنی باڵندەکان دادەنرا. مایکل پاری سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی باڵندە ئەمەریکاییەکان بە ڕۆیتەرزی وت " تاکە ئومێد باڵندە ئاوییەکانی وەک شاهۆ و ئێگرێتن کە تۆزێک زیادییان کردووە."

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، ژمارەی مراوییەکان لە ساڵی 2017 دا بە ڕێژەی لە سەدا 30 کەم بووەتەوە، بەڵام ژمارەی مراوییەکان هێشتا زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 1970 دا.

ئاماندا ڕۆدواڵدی بەڕێوەبەری فاکەڵتی ناوەندی توێژینەوەی باڵندە لە تاقیگەی کۆرنێل بۆ توێژینەوەی باڵندە بە ڕۆیتەرزی وت " نزیکەی یەک لە سێ جۆری باڵندە (229 جۆر) لە ئەمەریکا پێویستییان بە گرنگیدانی بەپەلە هەیە، ئەم جۆرە زیندەوەرانە نوێنەرایەتی ژینگە و سیستەمە سەرەکییەکانی ئەمەریکا دەکەن و ئەو جۆرانەش دەگرنەوە کە ئێمە ماوەیەکی زۆرە بە باو و زۆر ناومانبردوون."

پیتەر مارای زیندەوەرزان لە زانکۆی جۆرج تاون کە بەشدار نەبووە لە ڕاپۆرتە نوێیەکەدا وتی " بۆ هەر جۆرێک کە مەترسی نەمانی لەسەرە، وەک ئەوە وایە دەزووێکی تاک لە قوماشی چنراوی ئاڵۆزی ژیان دەربهێنین." وتیشی هەرچەندە پێشبینیەکە لەوانەیە ترسناک بێت، بەڵام ئومێدێکی هەیە، مارا ئاماژەی بە سەرهەڵدانەوەی هەڵۆی کەچەڵی شکۆدار کرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG