وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا کۆمپانیای ئیسرائیلی ناسراو بە NSO Group و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی خستووەتە لیستی ڕەشەوە. دەڵێت ئەم کۆمپانیانە بەرنامەی سیخوڕیـیان داهێناوە و بە شێوەیەکی قێزەون خەڵکیان پێ کراوەتە ئامانج، لەوانە ڕۆژنامەوان و چالاکوان و ئەکادیمی و کاردار و کاربەدەستانی حکومەت.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی هەردوو کۆمپانیای NSO Group و Candiru ئیسرائیلی و کۆمپانیای Positive Technologies ڕووسیایی و کۆمپانیای Computer Security Initiative Consultancy PTE. LTD سنگاپوری خراونەتە لیستی ڕەشەوە.
دەڵێت بەڵگە هەن NSO Group و Candiru ئەو بەرنامە سیخوڕیـیانەیان داوە بە حکومەتە بیانیـیەکان و ئەوانیش بەکاریانهێناون بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی، تەنانەت لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکانیشیانەوە. دەشڵێت ئەو حکومەتە دەسەڵاتخوازانە بەرنامەکانیان بەکارهێناوە بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانیان.
هەردوو کۆمپانیای Positive Technologies ڕووسیایی و Computer Security Initiative Consultancy PTE. LTD سنگاپوری، ئەمانیش هەستاون بە فرۆشتنی ئامێر و ئامراز بۆ سیخوڕیکردن کە وەها دەکەن بە شێویەکی نایاسایی کەسانێک دەستیان بگات بەو سیستەمە ئەلیکترۆنیانەی زانیاریان تێدایە لە بارەی تایبەتمەندی خەڵکی و ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ بەشێکە لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن و هێرس بۆ دانانی مافەکانی مرۆڤ لە نێو کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەوانە ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ئامرازە دیجیتاڵیـیەکانی بەکاردەهێنرێن بۆ سەرکوتکردن. هەروەها هەوڵێکە بۆ باشترکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی خەڵکی و نەهێشتنی هاککردن و چاودێری نایاسایی.
بەپـێی یاسای وەزارەتی بازرگانی، هەر کەس و کۆمپانیایەک بخرێتە لیستی ڕەشیـیەوە، ئەوا هیچ دەزگا و کۆمپانیایەکی ئەمەریکایی یان هاوڵاتیەکی ئەمەریکایی ناتوانێت کاریان لەگەڵدا بکات.
شایەنی باسە بەرنامەی سیخوڕی پـێگەسس کە لە لایەن کۆمپانیای NSO Group ی ئیسرائیلیەوە داهێنراوە، لە مانگی حەوتی ئەمساڵ بووە شوێنی ڕەخنەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن پاش ئەوەی بڵاوکرایەوە بەهۆی ئەم بەرنامەیە، لە چەندین وڵاتی جیهاندا سیخوڕی کراوە بەسەر بە لایەنی کەم 180 ڕۆژنامەوان و 600 کەسایەتی سیاسی و 85 چالاکوانی مافەکان و 65 خاوەن کۆمپانیا.
لە پاش ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا، گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە کە بارەگاکەی لە تەل ئەڤیڤە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی وتووە کۆمپانیاکەیان ناڕەزایی دەردەبڕێت و بە نیازە تانە لە بڕیارەکە بدات. گوتوشیەتی کۆمپانیاکەیان پـرنسیپێکی ئەخلاقی توندی هەیە.
پـێشتریش کۆمپانیاکە جەختی کردووەتە بەرنامەکانی بۆ نەهێشتنی تێرۆر و تاوانی دیکە داهێنراون و بۆ ئەم مەبەستانە بۆ 45 وڵاتی هەناردەی کردوون.