Accessibility links

بلینکن: نەتانیاهو جەختی لە پابەندبوونی کردووەتەوە بە ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکەی ئاگربەستەوە لە غەززە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتەنیاهو
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتەنیاهو

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە وتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردووەتەوە بە ئاگربەستە چەند قۆناغییەکەوە لە غەززە، تاوەکو ئێستا تەنها حەماس بڕیاری نەداوە.

بلینکن لە تەل ئەڤیڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەمووان دەنگیاندا، تەنها یەک دەنگ ماوە، ئەویش حەماسە. ئەوە بەندە بە حەماسەوە ئەم پێشنیارە سەربخات یان نا."

بلینکن وتی پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە داوا لە ئیسڕائیل و حەماس دەکات ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ بکەن، " ڕوونی کردەوە کە جیهان ئەمەی دەوێت."

ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکادا کە داوا لە ئیسڕائیل و حەماس دەکات بە ئاگربەستە پێشنیارکراوەکە ڕازی ببن و بە تەواوەتی جێبەجێی بکەن، ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە 14-0 پەسەندییان کرد، بەڵام ڕووسیا خۆی بە دوورگرت لە دەنگدانەکە. دوای دەنگدانەکە حەماس پێشوازی لەوە کرد کە ئەنجومەنەکە " جەختی لە ئاگربەستێکی هەمیشەیی کردووەتەوە لە غەززەدا " و خواستێکی پیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکاندا لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بنەمایانەی کە " دەگونجێن لەگەڵ داواکانی گەلەکەمان و بەرهەڵستکاراندا."

بلینکن وتی ئەو وەڵامەی حەماس " نیشانەیەکی هیوابەخش " بووە، بەڵام وتی ئەوەی ئێستا گرنگە " ئەو قسەیەیە کە لە غەززە و لە سەرکردایەتی حەماسەوە لە غەززەوە دەکرێت."

وتی " چاوەڕێی وەڵامی حەماس دەکەین، ئەوەش دەریدەخات کە ئەوان چییان دەوێت، هەوڵی چی دەدەن و گرنگی بە کێ دەدەن."

لێدوانەکانی بلینکن دوای کۆبوونەوەکەی بوو لەگەڵ بێنی گانتزدا کە لە حکومەتە بەپەلەکەی نەتانیاهو هاتە دەرەوە و وتی نەتانیاهو بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ جەنگەکەدا کردووە، هەروەها لەگەڵ ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی یایر لاپیدیشدا قسەی کردووە. گانتز و لاپیدا هەردووکییان جەختییان لە پێویستییەکان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.

بلینکن بۆ ماوەیەکی کورتیش لەگەڵ خێزانی هەندێک لەو بارمتانەدا کۆبووەوە کە لە غەززە گیراون.

بلینکن وتی ئەمەریکا سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوە، وتیشی ئاگربەستە پێشنیارکراوەکە " باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوە."

بلینکن بڕیارە دواتر لە ڕۆژی سێشەممەدا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکات لە ئوردن کە تێیدا سەنگ دەخرێتە سەر چۆنێتی زیادکردنی وەڵامە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە کە دوای هەشت مانگ لە جەنگ پێویستییەکی زۆرییان بە یارمەتی هەیە.

لە قۆناغی سەرەتای ئاگربەستە پێشنیارکراوەکەدا کە لە سێ قۆناغ پێکدێت، شەڕەکە ڕادەگیرێت، هەندێک لە بارمتەکان ئازاد دەکرێن و زیندانییە فەلەستینییەکانیش لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئازاد دەکرێن، هەروەها یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکانی غەززە زیاتر دەکرێن و هێزەکانی ئیسڕائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی دانیشتواندا لە غەززە دەکشێنەوە، هەروەها گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی بۆ ماڵ و گەڕەکەکانی خۆیان.

دووەم قۆناغی ئاگربەستە پێشنیارکراوەکە بریتی دەبێت لە خستنەوەی ژینگەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگرتنی شەڕەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان. قۆناغی کۆتایی بریتی دەبێت لە دەستپێکردنی هەوڵەکانی دووبارە بونیادنانەوە لە کەرتی غەززەدا، کە زۆربەی کەرتەکە بەهۆی جەنگە هەشت مانگییەکەوە وێران بووە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG