وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت هیچ ئاماژەیەک نین لەسەر ئەوەی ڕووسیا ئامادەکاری بکات بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئەمەریکاش هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ گۆڕینی پێگەی ئەتۆمی خۆی.
لێدوانەکانی بلینکن دوای ئەوە هات سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی ئەگەر هەڕەشە هەبوو لەسەر سەروەری خاکەکەی یاخود لەسەر بوونی ڕووسیا، ئەوا دەکرێت ڕووسیا " بە شێوەیەکی تیۆری " چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت ، بەڵام پێویستی بەوە نیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا پوتن ڕەوانەکردنی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی بۆ بێلاڕووسی هاوپەیمانی پەسەند کرد و لەمدواییانەدا دەستکرا بە ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە چەکانە بۆ سەر خاکی بێلاڕووس.
ڕۆژی هەینی پوتن وتی چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییەکانی ڕووسیا ڕەوانەی بێلاڕووس کراون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ڕووسیا پێویستی بەوە نیە پەنا بباتەبەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.
پوتن وتی " وەکو دەزانن ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکەماندا دەکەین ' سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ '، لەسەر ئەوەی کە بەشێکی ئەم چەکە تەکتیکییە ئەتۆمییانە دەگوازینەوە بۆ سەر خاکی بێلاڕووس. ئەمە ڕوویداوە."
وتیشی ئەمە یەکەمین جارە کڵاوەی ئەتۆمی ڕەوانەی خاکی بێلاڕووس بکرێت. بەڵام تەنها بەشی یەکەمن. لە کۆتایی ئەم هاوینە یاخود لە کۆتایی ئەم ساڵدا ئەم کارە بە تەواوەتی ئەنجام دەدەین."
جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جارە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991 دا ڕووسیا ئەو جۆرە چەکانە لە دەرەوەی وڵاتەکە جێگیر بکات. پوتن وتی ئامانج لەم کارەی هۆشداریدانە بە ڕۆژئاوا دژی پشتیوانیکردن و پڕچەککردنی ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز