Accessibility links

بلینکن: سوپای میانمار کۆمەڵکوژی دژی ڕۆهینجا ئەنجامداوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە فەڕمی ڕایگەیاند سوپای میانمار لەڕێی توندوتیژییەکانیەوە دژی کەمینەکانی ڕۆهینجا کۆمەڵکوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی هەتاوەکو ئەو کاتەی ئەنجومەنی سەربازی میانمار لەسەر دەسەڵات بێت هیچ کەسێک لە میانمار پارێزراو نابێت.

بلینکن وتی هێرشەکان دژی ڕۆهینجا " بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەرفراوان " ئەنجامدراون و بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەدەن سوپای میانمار بە ئاشکرا نیازی ئەوەی هەبووە موسوڵمانە کەمینەکان لەناوببات.

بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە ئەم ڕاگەیاندنەی بلینکن هەوڵەکان پتەوتر بکات بۆ ئەوەی جەنەڕاڵەکانی میانمار بە بەرپرس دابندرێن و ڕێگە لە کردەوەی دڕندانەی دیکە بگیردرێت. چالاکەوانان پێشوازییان لەم هەنگاوەی ئەمەریکا کرد، بەڵام داوای کردەوەیەکی بەرجەستەیان کرد، بۆ نمونە سەپاندنی سزای توندتر بەسەر ئەنجومەنی سەربازی میانماردا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەمیانەی وتارەکەیدا لە مۆزەخانەی میمۆڕیاڵی هۆڵەکۆست لە واشنتن، کۆمەڵێک وتەی قوربانییانی خوێندەوە، کە بە فیشەک لە سەریان دراوە و دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراون.

لە ساڵی 2017 دا هێزە چەکدارەکانی میانمار ئەرکێکی سەربازییان ئەنجامدا و ئەرکەکەش بووە هۆی ناچارکردنی لانی کەم 730,000 موسوڵمانی ڕۆهینجا ماڵەکانیان جێبهێڵن و هەڵبێن بۆ بەنگلادیش. لە ساڵی 2021 دا لە کودەتایەکی سەربازییدا سوپای میانمار دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەدەست.

بلینکن وتی " لە کودەتاکەوە، سوپای بورما دەبینین زۆرێک لە هەمان تاکتیکەکان بەکاردەهێنێتەوە، بەڵام ئێستا ئەوەی کە گۆڕاوە ئەوەیە سوپای بورما هەرکەسێک دەکاتە ئامانج کە ببینێت دژایەتی فەرمانڕەوایەتییە سەرکوتکارییەکەیان بکات یاخود مەترسی بێت لەسەرییان."

وتی " بۆ ئەوانەی کە پێش کودەتاکە نەیاندەزانی، کردەوە توندوتیژییەکانی سوپا لە مانگی دووی ساڵی 2021 ەوە بە ئاشکرا دەریخستووە هەتاوەکو سوپا لەسەر دەسەڵات بێت هیچ کەسێک لە بورما پارێزراو نابێت لە کردەوە دڕندانەکانیان."

چەند ڕۆژێک دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، جەنەڕاڵەکانی میانمار بە ڕابەرایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی میانمار مین ئۆنگ هلاینگ لە یەکی مانگی دووی ساڵی 2021 دا دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئەمەش دوای ئەوەی بیانوویان دەگرت سەبارەت بەوەی گوایە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا ئەنجامدراوە، کە تیایدا حیزبەکەی ئۆنگ سان سو کی دیموکراتخواز سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ڕێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردنەکان هیچ بەڵگەیەکیان نەبینیوە لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.

بەپێی ڕێکخراوی دەستەی یارمەتیدانی زیندانییە سیاسییەکان هێزە چەکدارەکانی میانمار خۆپیشاندانەکانی دژ بە کودەتاکەیان سەرکوتکرد و زیاتر لە 1600 کەسیان کوشتووە و نزیکەی 10,000 کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە، لەنێویشیان ڕابەرانی مەدەنی وڵاتەکە ئۆنگ سان سو کی و ئەوانی دیکەش.

پێش بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، ئەمەریکا کارەکانی سوپای میانمارییان تەنها بە " پاکتاوی نەژادی " ناودێر کردووە، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کارەکانی سوپای میانمار دژی گەلی میانمار بە " کۆمەڵکوژی و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی " ناودێر بکات.

چالاکەوانێکی ڕۆهینجا تون خین کە سەرپەرشتی ڕێکخراوی ڕۆهینجاکانی بورما دەکات لە بەڕیتانیا و ئامادەی وتارەکەی بلینکن بوو وتی " هیچ گومانێک لەوەدا نیە دەربازبوون لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی ڕۆهینجا هانی سوپای میانماریدا بیر لەوە بکاتەوە کە ئەگەر کودەتایەکیش بکات ئەوا هەر دەربازی دەبێت."

وتی " دان پێدانان بە کۆمەڵکوژی ڕۆهینجادا نەک تەنها یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی ڕۆهینجا، بەڵکو یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی سەرجەم هاوڵاتیانی بورما."

جێی ئاماژەیە وەکو وەڵامێک بۆ کودەتاکەی ساڵی 2021 ی میانمار، ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان بەسەر ئەنجومەنی سەربازی میانمار و بەرژەوەندییەکانیان لە کارەکاندا سەپاند، بەڵام نەیانتوانیوە جەنەڕاڵەکانی میانمار ڕازی بکەن دەسەڵاتی مەدەنی بگێڕنەوە بۆ وڵاتەکە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا و چین لەڕووی سەربازی و دیبلۆماتییەوە پشتیوانییان لە ئەنجومەنی سەربازی میانمار کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG