Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکایی: ئەمەریکییەکان دەبێت ئامادە بن بۆ هێرشێکی ئەلیکترۆنی لەلایەن هاککەرە چینییەکانەوە


بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ژێرخانی ئەمەریکا جێن ئیستەرلی
بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ژێرخانی ئەمەریکا جێن ئیستەرلی

بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمەریکا دەڵێت لە حاڵەتی ململانێیەکی نێوان چین و ئەمەریکادا هاککەرە چینییەکان بە دڵنیاییەوە هەوڵی تێکدانی ژێرخانە هەستیارەکانی ئەمەریکا دەدەن، لەوانەش هێڵی بۆرییەکان و هێڵە ئاسنینەکان.

بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ژێرخانی ئەمەریکا جێن ئیستەرلی ڕایگەیاند پەکین وەبەرهێنانی گەورە دەکات لە تواناکاندا بۆ تێکدانی ژێرخانی ئەمەریکا.

ئیستەرلی لە ماوەی وتارەکەیدا لە ناوەندی ئاسپین لە واشنتن بە ئامادەبووانی وت " پێم وایە ئەمە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و دەبێت ئامادەبین بۆی، سەنگی بخەینە سەر و خۆڕاگری لەبەردەمدا دروست بکەین."

هەروەها وتی ئەمەریکاییەکان دەبێت ئامادەبن بۆ ئەگەری ئەوەی هاککەرە چینییەکان دزە دەکەنە بەرگرییەکانییانەوە و زیانییان پێبگەیەنن.

وتی " بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی دژواری مەترسیی کارەکتەرەکانی دەوڵەتی چینی، بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانییان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەوڵێکی زۆر و سەرچاوەیەکی زۆرییان بۆ ئەمە دابین کردووە، زۆر زۆر قورس دەبێت بۆ ئێمە ڕێگری لە کارە تێکدەرەکان بکەین."

لێدوانەکانی ئیستەرلی دوابەدوای پرسیارێک هات سەبارەت بە گروپێکی هاککەرانی چینی کە بە ڤۆڵت تایفوون ناسراون، کە بەرپرسان و کۆمپانیاکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمەریکا بە تۆمەتی ئامادەکاریکردنیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی دژی ئەمەریکا لە حاڵەتی ڕوودانی ململانێیەکدا تۆمەتبارییان کردوون.

لە ماوەی ڕابردووشدا لەم ساڵدا کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمەریکا هۆشدارییاندا و وتیان چین " بە دڵنیاییەوە بیر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دوژمنکارانەی ئەلیکترۆنی دژی ژێرخانە هەستیارەکانی ئەمەریکا " و ئامانجە سەربازییەکان دەکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەگەر بڕیاردەرانی چین باوەڕییان وابێت شەڕێکی گەورە لەگەڵ ئەمەریکادا نزیک بۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG