بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا دەڵێن کەشتییەکی جەنگی چینی لە تەنگەی تایوان " بە شێوەیەکی ناپارێزراو " بە بەردەم کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکیدا تێپەڕیوە و تەنها 137 مەتر دوور بووە لێوەی.
سەرکردایەتی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا و کەنەدا مەشقێکی هاوبەشییان لە تەنگەی تایواندا ئەنجام داوە کە دوورگەی تایوان و چین لە یەک جیا دەکاتەوە، لەو کاتەدا کەشتییەکی چینی بە بەردەم کەشتی جەنگی دژە موشەکی چونگ هوونی ئەمەریکادا تێپەڕیوە و ناچاری کردووە هێواشی بکاتەوە تاوەکو پێکدادان ڕوونەدات.
لە ساڵی 1949 ەوە دوای ئەوەی حکومەتەکەی کۆماری چین لە شەڕێکدا لەگەڵ کۆمیونیستەکانی ماو زیدۆنگدا شکستییان هێنا، هەڵاتن بۆ دوورگەی تایوان، لەو کاتەوە کۆماری گەلی چین بانگەشەی ئەوە دەکات تایوانی دیموکراتخواز بەشێکە لە خاکەکەی. حکومەتی تایوان دەسەڵاتی چین ڕەت دەکاتەوە و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش وتوویەتی ئەمەریکا لە حاڵەتی هێرشی چیندا بۆ سەر تایوان بەرگری لە تایوان دەکات.
چین سەرکۆنەی ئەمەریکا و کەنەدای کرد و وتی " بە مەبەست مەترسی دروست دەکەن." ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەکانی هێزی دەریایی دوو وڵاتەکە بە تەنگەی هەستیاری تایواندا تێپەڕین.
سەرکردایەتی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکی ئەمەریکا وتی کەشتی چونگ هوونی ئەمەریکا و مۆنتڕیاڵی کەنەدا " بە شێوەیەکی ئاسایی " بە تەنگەکەدا تێپەڕیون کاتێک کەشتییەکی چینی بە بەردەم کەشتییە ئەمەریکییەکەدا تێپەڕیوە.
وتی کەشتییە چینییەکە تەنها 137 مەتر دوور بووە و " یاساکانی ڕێڕەوی پارێزراوی لە ئاوی نێودەوڵەتیدا پێشێل کردووە."
ڕووبەڕووبوونەوە دەریاییەکە نوێترین ڕووبەڕووبوونەوەی نزیکی نێوان سوپاکانی ئەمەریکا و چین بوو، سەرکردایەتییەکەی ئەمەریکا وتی لە 26 ی مانگی پێنجدا فڕۆکەیەکی شەڕکەری چینی بەسەر سنووری ئاسمانی نێودەوڵەتی دەریای باشووری چینەوە " جووڵەیەکی دوژمنکارانەی ناپێویستی " لە نزیک فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا ئەنجامداوە.
هاوکات ئەمەریکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا کەشتییە جەنگییەکەی چین بە بەردەم کەشتییەکەی ئەمەریکادا دەڕوات، کە ئەمەش جووڵەیەکی مەترسیدارە و ڕەنگە ببێتە هۆی خراپتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
لە ڤیدیۆکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە هێزی دەریایی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بە ڕوونی کەشتییەکی جەنگی چینی دەبیندرێت کە بە بەردەم ڕێگای کەشتی ئەمەریکی چونگ هووندا تێپەڕ دەبێت. کەشتییە ئەمەریکییەکە ئاڕاستەکەی خۆی ناگۆڕێت.
وەزارەتی بەرگری تایوان کارەکانی چینی بەرامبەر کەشتییە ئەمەریکی و کەنەدییەکان بە ' وروژێنەر ' ناوبرد و وتی بەرپرسیارێتی هاوبەشی وڵاتانی دیموکراتخوازە کە ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوان بپارێزن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەر کردەوەیەک بۆ زیادکردنی گرژی و مەترسییەکان یارمەتیدەر نابێت لە ئاسایشی ناوچەکەدا."
هەروەها داواشی لە چین کرد ڕێز لە ئازادی هاتوچۆی دەریایی بگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز