کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن ڕایگەیاند لە ماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا 4 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکەی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید- 19 بەسەر بنکەکانی تەندروستی ئەمەریکا دابەش دەکات، ئەمەش پاش ئەوەی دەزگای حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ چاودێری خۆراک و دەرمان FDAڤاکسینەکەی پەسەندکرد.
ئیلیکس گورکسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە کەناڵی ئەی بی سی ئەمەریکایی گوت لە ماوەی 24 کاتژمێر بۆ 48 کاتژمێری دیکە ئەو 4 ملیۆن دەرزیـیە دابەشدەکرێت. گوتیشی هەتا ئێستا ئەمەریکا داوای 100 ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکەی کردووە.
باسی لەوەش کرد کۆمپانیاکەی لە بەرنامەیدایە هەتا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیار دەرزی ڤاکسینەکە دابەش بکات.
ئەم ڤاکسینەی کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنس بە شێوازێکی جیاواز لە هەردوو ڤاکسینەکەی مۆدێرنا فایزەر- بایۆنتێک کاردەکات و تەنیا پـێویستی بە یەک جار لێدانی دەرزیـیەکە هەیە هەتا بەرگری بە جەستەی مرۆڤ بدات. بەڵام تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کاریگەری 72% ، ئەمەش کەمترە لە کاریگەری دوو ڤاکسینەکەی دیکە.
باشیـیەکی دیکەی ئەم ڤاکسینە لەوەدا وەک دوو ڤاکسینەکەی دیکە پـێویستی بە ساردکەرەوەی تایبەت نیـیە بۆ هەڵگرتنی، بۆیە بە ئاسانتر بۆ وڵاتان و بنکە تەندروستیـیەکان دەتوانرێت ڕەوانەبکرێت.
دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی گەورە شارەزای نەخۆشیـیە درمیـیەکان و گەورە ڕاوێژکاری پـزیشکی کۆشکی سپی لە پارچە ڤیدیۆیەکدا هانی خەڵکی دا ڤاکسینەکەی کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن لە خۆیان بدەن.
سەرۆک بایدن لای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ڕەزامەندی دەزگای FDA لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی جۆنسن ئاند جۆنسن.
هەتا ئێستا زیاتر لە 29 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون، لەوانە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیان گیانیان لەدەستدا.