Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا داوای گفتوگۆکردن لەگەڵ چیندا دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی شانگری لا دیالۆگ لە سینگاپوور داوای لە چین کرد هێڵەکانی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتەکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە.

ئۆستن لە کۆنفرانسەکەدا کە گرنگترین کۆنفرانسی ئاسایشی ئاسیایە، وتی " من زۆر نیگەرانم سەبارەت بەوەی کۆماری گەلی چین ئارەزووی نییە بۆ گفتوگۆکردن بە شێوەیەکی ڕژدتر بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی باشتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی نێوان دوو سوپاکەماندا."

ئۆستن وتی پەیوەندییە بەردەوامەکانی ئێستای نێوان دوو وڵاتەکە زۆر گرنگن بۆ خۆبەدوورگرتن لە لێکدانەوەی هەڵە کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێ.

ئۆستن لە وتارەکەیدا وتی " ئێمە هەوڵی ململانێ یاخود ڕووبەڕووبوونەوە نادەین، بەڵام دوودڵ نابین لە ڕووبەڕووبوونەوەی بێزارکردن یاخود زۆرەملێیدا."

وەزیری بەرگری نیشتیمانی چین لی شانگفو داواکەی ئۆستنی ڕەت کردەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵیدا لەم هەفتەیەدا، بەڵام ڕۆژی هەینی دوو وەزیرەکە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا تەوقەیان لەگەڵ یەکتردا کرد.

جێی ئاماژەیە چەندین بابەت هەن کە ئەمەریکا و چین ناکۆکن لەسەرییان، لەوانەش ناکۆکییەکان سەبارەت بە دەریای باشووری چین و باڵۆنە ' سیخوڕییەکەی چین ' کە بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا فڕی و لە کۆتاییدا فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمەریکی خستییە خوارەوە.

هاوکات دوو وڵاتەکە لەسەر پرسی تایوانیش ناکۆکن، چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و تایوانیش دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە. چین فشارە سەربازییەکانی دژ بە تایوان زیاتر کردووە، هاوکات داگیرکارییەکەی ڕووسیاش لە ئۆکرانیا نیگەرانی دروست کردووە لەسەر ئەوەی چینیش بە هەمان شێوە هێرش بکاتە سەر تایوان.

ئۆستن وتی " جیهانەکەمان چەند مەترسیدار دەبێت ئەگەر وڵاتە گەورەکان هەروا بتوانن بەبێ هیچ سزایەک دراوسێ ئاشتیخوازەکانییان داگیر بکەن." وتیشی " ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی ئاشتی سەقامگیری لە سەرانسەری تەنگەی تایواندا بپارێزێت، هاوکات چەندین وڵاتی دیکەی سەرانسەری جیهانیش بە هەمان شێوە سوورن لەسەر ئەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG