لە ئێستادا لە زۆر شوێنی جیهاندا دەڕواننە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانی دەکەن. ئاخۆ ئەوروپییەکان تاچەند بەپەرۆشن بۆ ئەم هەڵبژاردنە؟
ڕۆژنامەوان و چاودێری کاروباری رامیاری ئارێز ئەندەریاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "دیارە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی ئەمەریکا گرنگی زۆری هەیە، چونکە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا و تا ئێستاش بە شێوەیەک سیاسەتێکی هاوتەریب لە نێوان ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا لە ئارادا بووە ، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوودا و هاتنەسەر کاری سەرۆک ترامپ، کۆمەڵێک پێکدادانی سیاسی لە رای جیاواز لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکادا هەبووە، ئەمانە بەردەوام خۆی لە خۆێدا لە زیادبووندا بووە و هەندێک لەو کێشانەش لە رووی گومرگ، ئابوری هاوردە و هەناردەکان لە نێوان هەردوولادا وەکو خۆیان ماونەتەوە. بەردەوام ئەو ناکۆکیانە ماونەتەوە و هەر لەبەر ئەوەیە بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕواننە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا."
ئارێز ئەندەریاری هەر وەها دەڵێت " بە دڵنیاییەوە داخوازیەکانی سەرۆک ترامپ لە بارەی خەرجکردنەکانی ناتۆ، گومرگ، ئابوری هاوردە و هەناردە، ڕاستە وە دەوڵەتی ئەمەریکا یان خودی سەرۆک ترامپ مافی خۆیەتی کە بیر لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئەمەریکا بکاتەوە."
ئارێز ئەندەریاری دەشڵێت " لەو بڕوایەدان زۆربەی زلهێزەکان لە ئەوروپا زۆر بە پەرۆشن کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا هیچ نەبێت، ئەنجامەکەی ئەوە بێت پەیوەندیەکانیان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران."