وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیارێکی ئەمەریکای بۆ لێخۆشبوون لە عێراق لەسەر کڕینی کارەبای ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی " زۆرترین فشاری " سەرۆک ترامپ لە دژی ئێران.
وتەبێژەکە وتی بڕیاری کۆتایی هێنان بە لێخۆشبوونەکە دوای بەسەرچوونی ماوەکەی " دڵنیاییدانە لەسەر ئەوەی کە ئێمە ڕێگە نادەین ئێران هیچ پلەیەکی لە لێبووردنی دارایی یاخود ئابووریی دەستبکەوێت." وتیشی هەڵمەتەکەی سەرۆک ترامپ بۆ سەر ئێران ئامانجی " کۆتایی هێنانە بە مەترسی ئەتۆمی ئێران و سەرکوتکردنی بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی و ڕاگرتنیەتی لە پشتیوانیکردنی گروپە تیرۆریستییەکاندا."
حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت ئێران لە ئابووری جیهان پەراوێز بخات و داهاتی هەناردەی نەوتی لە ناوببات تاوەکو گەشەپێدانی چەکێکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە خاو بکاتەوە.
ئێران ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە.
فەرهاد عەلائەدینی ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی وتی بۆ عێراق، کۆتایی هێنان بە لێخۆشبوونەکە " گۆڕانکارییەکی کاتی لە کارەکاندا دروست دەکات."
وتیشی " حکومەت چالاکانە کاردەکات لەسەر جێگرەوەیەک بۆ کارەبایەکی بەردەوام و کەمکردنەوەی مەترسی تێکچوونی کارەبا. بەهێزکردنی ئاسایشی وزە ئەرکێکی پێشینەی نەتەوەییە، هەوڵەکانیش بۆ پتەوکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و باشکردنی کارەبا و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆجیا نوێیەکاندا بەردەوام دەبن."
واشنتن کۆمەڵێک سزای سەپاندووە بەسەر تاراندا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانییەکانی بۆ گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکە، هەروەها کارکردنی ئەمەریکای لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا قەدەغە کردووە کە مامەڵەی کار لەگەڵ ئێراندا دەکەن.
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیمس هیویت وتی " سەرۆک ترامپ ڕوون بووە لەسەر ئەوەی کە ڕژێمی ئێران دەبێت پەرۆشییەکانی بۆ چەکێکی ئەتۆمی ڕابگرێت ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی زۆرترین فشار دەبێتەوە. هیوادارین ڕژێمەکە بەرژەوەندی خەڵکەکەی بخاتە پێش سیاسەتە ناجێگیرکەرەکانییەوە."
سەرۆک ترامپ لە ساڵی 2018 دا سەرەتا لێخۆشبوونی بۆ چەندین کڕیار دەرکرد لە کڕینی وزەی ئێرانیدا کاتێک سزاکانی سەپاندەوە بەسەر هەناردەی وزەی ئێراندا.
بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەو کاتەی سەرۆک ترامپ و دواتر بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدنیش چەندین جار بڕیاری لێخۆشبوونییان لە عێراق لەسەر کڕینی وزەی ئێرانی نوێ کردووەتەوە و هاوکات داوایان لە بەغداد کردووە پشتبەستنی بە کارەبای ئێرانی کەم بکاتەوە. ڕۆژی شەممە وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەو داوایە کردەوە.
وتی " داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بە زووترین کات پشتبەستنی بە سەرچاوەکانی وزەی ئێرانی نەهێڵێت. ئێران لە دابینکردنی وزەدا پشتی پێنابەسترێت."
سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وتووە کە بەشێک لە هۆکاری بڕیاری کۆتایی هێنان بە لێخۆشبوونەکە فشار خستنەسەر بەغداد بووە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە بکرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز