Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا دەگاتە بەیروت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی لوبناندا


سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان نەبییە بەری و نوێنەری ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان نەبییە بەری و نوێنەری ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین

نوێنەری ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین ڕۆژی دووشەممە گەیشتە بەیروت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ململانێکەی سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیبلۆماتییەکاندایە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش دەهێنێت بۆ ناوچەکە بە مەبەستی گەڕان بە دوای ئاگربەستێکدا لە کەرتی غەززە.

هۆچستین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆبوونەوەیەکی بونیادنەرانەی " کردووە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان نەبییە بەریدا، وتیشی لە کاتێکدا کە لە لوبنانە لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی لوبنان و سوپا و هەر کەسێکی دیکەدا قسە دەکات کە خوازیاری کارکردن بێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە بخەنە سەر " ئاڕاستەیەکی نوێی هێز و ئاسایش و سەقامگیری و دواجار خۆشگوزەرانی ئابووریی."

هۆچستین تیشکی خستە سەر بڕیاری 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کۆتایی دوایین جەنگی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا لە ساڵی 2006 دا پەسەند کرا و تێیدا داوا لە حزبوڵا دەکات چەکدارەکانی بکشێنێتەوە بۆ باکووری ڕووباری لیتانی لوبنان و داوا لە ئیسڕائیلیش دەکات هێزەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە.

هۆچستین وتی هیچ لایەنێک هەوڵی نەداوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجەکە بونیادنانی متمانەیە لە هەردوولاوە تاوەکو بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕاگرتنی شەڕەکە ڕێگەیەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ئەوەی کە مانگێک یاخود ساڵێک دواتر شەڕ ڕوونەداتەوە.

هۆچستین وتی " خەڵکی لوبنان هاوشێوەی هەمووان لە ناوچەکەدا، تەنها دەیانەوێت بچنەوە بۆ ماڵەوە، داهاتوویەکی ئاشتیانە و پارێزراو و خۆشگوزەران بۆ خۆیان و خێزانەکانییان دروست بکەن."

هاوکات بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بلینکن سەردانەکەی بۆ ناوچەکە دەست پێبکات و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی بلینکن " تاوتوێی گرنگی کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەکات، هەروەها کەمکردنەوەی ئازار و ناڵەی گەلی فەلەستینی."

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە داوای لێبووردنی کرد لەسەر کوشتنی سێ سەربازیی لوبنانی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان.

وتەبێژێکی سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە ئوتومبێلێکی سەر بە سوپای لوبنانی داوە و ئیسڕائیل دژی سوپای لوبنان شەڕ ناکات.

سوپای لوبنان لەم شەڕەدا بەشدار نەبووە. ئیسڕائیل دەڵێت ئامانجەکەی ئەوەیە حزبوڵا لەو ناوچانەی لوبنان دووربخاتەوە کە سنوورییان بە ئیسڕائیلەوە هەیە تاوەکو هاووڵاتیانی ئیسڕائیلی بتوانن بە پارێزراویی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانییان لە باکووری ئیسڕائیل.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز ڕۆژی دووشەمە وتی " حزبوڵا باجەکەی داوە و بەردەوام دەبێت لەوەی باجێکی گەورە بدات لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر باکووری ئیسڕائیل و هەڵدانی ڕۆکێتەکانی. بەردەوام دەبین لە لێدانی بریکارەکەی ئێران هەتاوەکو دەڕووخێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG