Accessibility links

سوپای ئەمەریکا یەکەیەکی هێزی بۆشایی ئاسمان لە کۆریای باشوور پێکدەهێنێت


سوپای ئەمەریکا بە فەڕمی یەکەیەکی هێزی بۆشایی ئاسمانی لە کۆریای باشوور پێکهێنا، لە هەنگاوێکدا کە ڕێگە بە واشنتن دەدات بە شێوەیەکی باشتر چاودێری ڕکابەرەکانی بکات لە ناوچەکەدا، لەوانەش کۆریای باکوور، چین و ڕووسیا.

چالاککردنی هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور لە بنکەی سەربازیی ئاسمانی ئۆسان لە نزیک سیئۆلی پایتەخت دوای ئەوە دێت کۆریای باکوور لەم مانگانەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر موشەکی باڵیستیکی تاقیکردەوە کە لە توانایاندا هەیە بۆمبی ئەتۆمی هەڵبگرن و بە شێوەیەک دروست کراون بتوانن بگەنە سەر خاکەکانی ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور.

سەرکردەی هێزە نوێیەکەی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور، لیوا جۆشوا مککولیۆن لە میانەی مەراسیمی چالاککردنەکەدا لە ئۆسان وتی " تەنها 48 میل لە باکووری ئێمەوە هەڕەشەیەکی مەترسیدار هەیە لەسەر بوونمان، هەڕەشەیەک کە دەبێت ئامادە بین بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگریکردن دژی، ئەگەر پێویستیش بێت، شکستی پێبهێنین." ئەوەش وەکو ئاماژەیەکی دیار بۆ سنووری کۆریای باکوور کە بە ئوتومبێل تەنها یەک کاتژمێر لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورەوە دوورە.

یەکەکە سەر بە هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکایە کە سەرەتا لە مانگی دوانزەی ساڵی 2019 دا لە ژێر سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا پێکهێندرا.

پێکهێنانی هێزەکە تەنها وەکو پشتڕاستکردنەوەیەک دەبیندرا بۆ پێویستی ئەمەریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە بۆشایی ئاسماندا، بە تایبەتی ئەو مانگە دەستکردانەی کە بۆ بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازیی بەکاردەهێندرێن.

لە ڕاپۆرتێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت چین و ڕووسیا هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ پەرەدان بە تەکنەلۆجیایەک کە دەکرێت ڕێگەیان بدات مانگە دەستکردەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دیکە لە ماوەی قەیران یاخود ململانێکاندا لە ناوببەن یاخود تێکییان بدەن.

هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور لقێکە لە هێزێکی گەورەتری بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا کە مانگی ڕابردوو لە نێو سەرکردایەتی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا لە هاوای دامەزرێندرا.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەشقە سەربازییە ئاساییەکانی نێوانیان فراوانتر کردووە و هەوڵی زیاترییان داوە بۆ پتەوکردنی بەرگرییە هاوبەشەکەیان بە ڕووی بەرنامە پێشکەوتووە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکووردا. کۆریای باکوور هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە لە ئەگەری ململانێدا لەگەڵ ئەمەریکا و کۆریای باشووردا، سوپای ئەمەریکاش هۆشداری داوەتە باکوور و دەڵێت " بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی ڕژێمەکەی " کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG