Accessibility links

کۆشکی سپی: زیاتر لە 300 ئەمەریکایی و دانیشتوانی ئەمەریکایی لە غەززە گواستراونەتەوە


خاڵی سنووری ڕەفەح
خاڵی سنووری ڕەفەح

کۆشکی سپی ڕادەگەیەنێت زیاتر لە 300 ئەمەریکایی و دانیشتوانی ئەمەریکایی و خێزانەکانییان لە کەرتی غەززە گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا کە شەڕەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس لە غەززە توندتر دەبێت.

جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جۆناثان فاینەر بە سی بی ئێس نیوزی وت گواستنەوەکە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە و ئەنجامی " گفتوگۆیەکی چڕ بووە لە نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم ململانێیەدا."

وتیشی سەرەڕای ئەم هەوڵە، ئەمەریکا باوەڕی وایە هێشتا " ژمارەیەک " لە ئەمەریکاییەکان لە غەززەدا ماونەتەوە.

فاینەر وتیشی " بێگومان ئەمە ئەرکێکی سەرەکییە و کارێکە کە بەردەوام دەبین لەسەری هەتاوەکو سەرجەم ئەو ئەمەریکاییانەی کە دەیانەوێت غەززە جێبهێڵن بتوانن ئەو کارە بکەن."

دوای چەند هەفتەیەک لە جەنگ، ڕۆژی چوارشەممە خاڵی سنووری ڕەفەحی نێوان غەززە و میسڕ کرایەوە، ئەوەش ڕێگەیدا ژمارەیەک لە بریندارەکانی ناو غەززە و ئەو کەسانەی کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە بگوازرێنەوە.

میسر ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت یارمەتی بدات لە گواستنەوەی 7000 هاووڵاتی بیانی لە ڕێی ئەو خاڵە سنوورییەوە، بەڵام درەنگانێکی ڕۆژی شەممە حەماس وتی گواستنەوەی هاووڵاتییانی دوو ڕەگەزنامە و بیانییەکان لە غەززەوە ڕاگیراوە تاوەکو ئەو کاتەی ئیسڕائیل ڕێگە دەدات هەندێک لە بریندارە فەڵەستینییەکان بگەنە ڕەفەح تاوەکو بتوانن لە سنوورەکە بپەڕنەوە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرن.

ڕۆژی هەینی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی حەماسی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بەو ڕێککەوتنەی کە ئەمەریکا سەرپەرشتی کرد بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە، ئەوەش لە ڕێی گواستنەوەی ئەندام و چەکدارەکانییانەوە لە ڕێی خاڵە سنوورییەکەوە.

بەرپرسەکە وتی سێیەکی ئەو ناوانەی حەماس داونی و وتوویەتی فەڵەستینین و پێویستییان بە چارەسەری تەندروستی هەیە، ئەندام و چەکدارانی حەماس بوون.

نوێترین گواستنەوەی ئەمەریکاییەکان لە ڕۆژی یەکشەممەدا دوای ئەوە دێت کۆشکی سپی وتی نزیکەی 80 هاووڵاتی ئەمەریکایی و خێزانەکانییان ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە غەززەیان جێهێشتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG