Accessibility links

ئەمەریکا بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی دەدات بە میسڕ


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بە یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ میسڕ بەسەر بارودۆخی مافەکانی مرۆڤی میسڕدا دەڕوات و بۆ یەکەمین جار لە ماوەی ئەم بەڕێوبەرایەتییەدا لەم ساڵدا 1.3 ملیار دۆلار لە یارمەتی سەربازیی دەدات بە میسڕی هاوپەیمانی، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییەکان لەسەر مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.

ڕاگەیاندنەکە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە میسڕ بەستووە لە نێوەندگرییەکاندا لە گفتوگۆکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە جەنگەکەی غەززە.

لە کۆی ئەو 1.3 ملیار دۆلارەی هاوکاری سەربازیی دارایی دەرەوەی ئەمەریکا کە دراوە بە میسڕ، 320 ملیۆن دۆلاری مەرجی لەسەرە کە ئەوەش مانای ئەوەیە کە پێدانی لانیکەم هەندێک لەو پارەیە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕاگیراوە.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە کۆنگرێسی وت لەم ساڵدا دەستبەرداری داواکارییەکان دەبێت لەسەر 225 ملیۆن دۆلار کە پەیوەندی بە تۆماری مافەکانی مرۆڤی میسڕەوە هەیە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ هۆکاری " بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا."

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئەم بڕیارە گرنگە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی ناوچەکە و یارمەتییە دیاریکراو و بەردەوامەکانی میسڕ بۆ ئەرکە پێشینەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، بە تایبەتی لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا لە غەززە، گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ وڵاتی خۆیان، زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەو فەلەستینییانەی کە پێویستییانە و یارمەتیدان لە گەیشتن بە کۆتاییەکی بەردەوام لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا."

کریس مێرفی دیموکرات کە سەرکردایەتی کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات، وتی واشنتن پێشتر ئەو یارمەتییە سەربازییەی بۆ میسڕ ڕاگرتبوو بەهۆی هۆکارەکانی مافی مرۆڤەوە، هاوکات پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەشدا پاراستووە.

وتی " ئەوە شاراوە نییە کە میسڕ هێشتا وڵاتێکی ئۆتۆکراتی سەرکوتکارە، هیچ هۆکارێکی باشیش نابینم بۆ پشتگوێ خستنی ئەو ڕاستییە لە ڕێی دەستبەرداربوون لەم داواکارییانە."

میسڕ هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا سەرەڕای ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراون لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی سەرۆکی میسر عەبدل فەتاح ئەلسیسیدا، لەوانەش ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.

سیسی ڕەتی دەکاتەوە زیندانی سیاسیی لە میسڕدا هەبێت. دەڵێت سەقامگیری و ئاسایش گرنگترین شتن و بەرپرسانیش هانی مافەکان دەدەن لە ڕێی هەوڵدانەوە بۆ دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی وەکو کار و نیشتەجێکردن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG