Accessibility links

لە کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا هێرس و ترامپ شەڕ لەسەر 7 ویلایەت دەکەن


هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە کۆتاییەکەیدایە و بڕیارە هەڵبژاردنەکان لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچن، بەربژێری دیموکراتەکان و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس و ڕکابەرە کۆمارییەکەی، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، سەنگییان خستووەتە سەر حەوت ویلایەت کە ئەگەرێکی زۆری هەیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی بکەنەوە.

بەپێی تاقیگەی هەڵبژاردنەکانی زانکۆی فلۆریدا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 14 ملیۆن کەس دەنگی پێشوەختییان داوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت خەڵکی زیاتر دەنگ بدەن چونکە سەرجەم 50 ویلایەتەکەی وڵاتەکە بنکەکانی دەنگدان دەکەنەوە بۆ دەنگدانی پێشوەخت و هەروەها دەنگدانیش لە ڕێی مەیڵەوە پەسەند دەکەن.

ڕاپرسییە نیشتیمانییەکان دەریدەخەنە کە کێبڕکێکە زۆر نزیکە و هێرس یەک تۆز لە پێش ترامپەوەیە.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە دەنگی جەماوەری نیشتمانی یەکلایی ناکرێنەوە بەڵکو لە ڕێگەی دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکانەوە یەکلایی دەکرێنەوە، کە هەڵبژاردنەکە دەکاتە 50 کێبڕکێی ویلایەت بە ویلایەت، 48 ویلایەت لە کۆی 50 ویلایەتەکە هەموو دەنگی نوێنەرەکانییان لە هەڵبژاردنەکەدا دەبەخشن بە بەربژێری براوە لە ویلایەتەکانییاندا، یان هێرسە یان ترامپە.

ژمارەی دەنگی نوێنەران لە هەر ویلایەتێکدا پەیوەستە بە ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکەوە، لەبەرئەوە گەورەترین ویلایەت زۆرترین کاریگەریی دەبێت لە یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، براوەکەش پێویستی بە 270 دەنگی نوێنەر دەبێت لە کۆی 538 دەنگ تاوەکو ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.

ڕاپرسییەکان پیشانی دەدەن کە ترامپ یاخود هێرس لە 43 ویلایەتدا لە پێش یەکترەوەن، بەڵام لەم حاڵەتەدا 7 ویلایەت ماونەتەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکەنەوە، ئەوانەش بریتین لە ویلایەتەکانی ویسکانسن و میشیگن و پێنسلڤەینیا لە باکوور و نۆرث کارۆلاینا و جۆرجیا لە باشووری ڕۆژهەڵات و ئاریزۆنا و نیڤادا لە باشووری ڕۆژئاوا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG