ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا سزای بەسەر تۆڕی نێودەوڵەتی پارە پەیداکردنی حەماسدا سەپاند و بە تۆمەتی ئەوەی کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە کۆکردنەوەی پارەدا لە دەرەوە بۆ حەماس، ئەمەش لە یادی ساڵڕۆژی هێرشەکانی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر سێ کەسدا کە بەرپرس بوون لە پەیداکردنی پارە بۆ حەماس لە دەرەوە، هەروەها سزای بەسەر بانکی ئەل ئینتاجی غەززەشدا سەپاند و وتی لەلایەن حەماسەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
خەزێنەی ئەمەریکا وتی پشتیوانیکارێکی درێژخایەنی حەماسیش کراوەتە ئامانج، کە هاووڵاتییەکی یەمەنییە و لە تورکیا دەژی، نۆ خاوەن کاری دیکەش کراونەتە ئامانج.
وتی " لە کاتێکدا ساڵێک بەسەر هێرشە تیرۆریستییە دڕندەکەی حەماسدا تێپەڕ دەبێت، خەزێنە ماندوونەناسانە بەردەوام دەبێت لە لە ناوبردنی تواناکانی حەماس و بریکارە تێکدەرەکانی دیکەی ئێران بۆ پەیداکردنی پشتیوانی دارایی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانییان و ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی دیکە."
وتیشی " وەزارەتی خەزێنە سەرجەم ئەو ئامڕازانەی کە لەبەردەستیدایە بەکارییان دەهێنێت بۆ سزادانی حەماس، بەوانەشەوە کە هەوڵی سوود وەرگرتن دەدەن لە دۆخەکە تاوەکو داهاتی دیکەیان دەستبکەوێت."
وتیشی " حەماس سوودی وەرگرتووە لە ناڵاندنی غەززە تاوەکو پارەی دەستبکەوێت لە ڕێی بۆنە خێرخوازییە ساختەکانەوە کە بە هەڵە بانگەشەی ئەوە دەکەن یارمەتی هاووڵاتیانی سڤیلی غەززە دەدەن." وتیشی لەم ساڵدا ڕەنگە حەماس مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلاری لە ڕێی ئەو بەخشینانەوە وەرگرتبێت. خەزێنە وتی حەماس ئەوروپا بە شوێنێکی سەرەکی پارە کۆکردنەوە دەزانێت.
سزاکانی ڕۆژی دووشەممە ئەندامێکی حەماسیشیان کردە ئامانج کە لە ئیتاڵیا دەژی و خەزێنە دەڵێت بۆنەیەکی خێرخوازی ساختەی ڕێکخستووە تاوەکو پارە بۆ باڵی سەربازیی حەماس پەیدا بکات.
نوێنەرێکی باڵای حەماسیش لە ئەڵمانیا و بەرپرسی چالاکییەکانی حەماس لە ئوستریا کراونەتە ئامانج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا