Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر گروپێکی ' ساختەی ' کۆکردنەوەی پارەدا بۆ 'بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگاری فەلەستینی'


ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر گروپێکی سەرەکی نێودەوڵەتی پارە کۆکردنەوەدا بۆ بەرەی جەماوەری بۆ ئازادی فەلەستین، کە واشنتنی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی لەگەڵ کەنەدادا سزایان سەپاندووە بەسەر گروپی سامیدۆندا و بە تۆمەتی " بوونی بە ڕێکخراوێکی ساختەی خێرخوازی " و کۆکردنەوەی پارە بۆ بەرەی جەماوەری بۆ ئازادی بۆ فەلەستینی تۆمەتباری کرد.

بەرەی جەماوەری بۆ ئازادی بۆ فەلەستین کە بەشداریکردووە لە شەڕەکەدا دژی ئیسڕائیل لە غەززە، لە مانگی 10 ی ساڵی 1997 دا لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی بیانی تیرۆریستی ناسێندرا و لە مانگی 10 ی ساڵی 2021 دا وەکو گروپێکی تیرۆریستی جیهانی تایبەت ناسێندرا.

خەزێنەی ئەمەریکا وتی بەرەی جەماوەری بۆ ئازادی بۆ فەلەستینی سامیدۆن بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی پارە لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور. ساڵی ڕابردوو چالاکییەکانی ئەو گروپە لە ئەڵمانیا قەدەغەکرا.

جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی برادلی سمیث وتی " ڕێکخراوەکانی وەکو سامیدۆن خۆیان وەکو کارەکتەری خێرخواز پیشان دەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن یارمەتی مرۆیی بۆ ئەوانە دابین دەکەن کە پێویستییانە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پارەیەی کۆیدەکەنەوە بۆ ئەوانەی کە زۆر پێویستییان پێیەتی دەیدەن بە گروپە تیرۆریستییەکان."

ڕۆژی سێشەممە کەنەدا گروپی سامیدۆنی وەکو لایەنێکی تیرۆریستی ناساند. وەزیری پارێزراویی گشتی کەنەدا دۆمێنیک لیبلانک وتی " توندڕەوی توندوتیژیی، کردەوە تیرۆریستییەکان یاخود پشتیوانیکردنی تیرۆر لە ڕووی داراییەوە هیچ جێگەیەکی لە کەنەدا و لە دەرەوەش نابێتەوە."

خەزێنەی ئەمەریکا وتی بەرەی جەماوەری بۆ ئازادی بۆ فەلەستین هێشتا لە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا چالاکە، هەروەها بەشدارییان لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا کردووە بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بە بارمتەگرتنی نزیکەی 250 کەس، هەروەها بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕەکە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن تاوەکو ئێستا زیاتر لە 42,000 فەلەستینی لە غەززە کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG