کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێت مەترسی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە لە زیادبووندایە، تەنانەت کە هێشتا ئەو کارەی نەکردووە.
ڕاپۆرتەکەی هەواڵگری ئەمەریکا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، لە کاتێکی هەستیاردایە پێش دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و هەروەها هەمان هۆشدارییەکانی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا دووبارە دەکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئۆفیسی بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی، ئێران لە ئێستادا ماددەی تەواوی لەبەردەستدایە بۆ دروستکردنی دەرزەنێک چەکی ئەتۆمی.
ترامپ بەڵێنیداوە ڕێگری لە ئێران بکات لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا و هەڕەشەی توندکردنەوەی سزاکانی کردووە لەسەر تاران، ئەوەش لە پێناو ناچارکردنی تاراندا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا.
لە ڕاپۆرتەکەی پێشووی بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکادا کە مانگی حەوت بڵاوکرایەوە، هۆشداریدراوە لەسەر ئەوەی ئێران چالاکی توێژینەوە ئەنجام دەدات کە وایکردووە تاران باشتر ئامادە بێت بۆ دەستپێکردنی بەرنامەیەکی چەکی ئەتۆمی.
لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا، بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا دەڵێت لە دوای ئەوەی ئیسڕائیل و ئێران بۆ یەکەمین جار لە مانگی چواردا لە ڕووی سەربازییەوە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، دیبەیتێکی ئاشکرا هەبووە لە ئێراندا سەبارەت بە بەهای چەکە ئەتۆمییەکان لە ڕێگریکردن لە هێرشەکاندا بۆ سەر وڵاتەکەی.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەو جۆرە دیبەیتە " سڕینەوەی باوەڕێکی چەندین ساڵەی تارانە کە باسکردنی ئەو جۆرە بابەتانە بە ئاشکرا تاوان بووە، هەروەها هەستکردنە بەوەی کە ئێران پێویستی بە چاککردنەوەی ناهاوسەنگییەکی ستراتیژییە لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا."
وتی " ئەم دیبەیتە مەترسی ئەوەی هەیە داکۆکیکاران لە چەکی ئەتۆمی لە ناو بازنەی بڕیاردانی ئێراندا پشت ئەستوور بکات و بیرکردنەوەی سەرکردەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران لەسەر کەڵکی چەکە ئەتۆمییەکان بگۆڕێت."
بەرپرسانی ئێران لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا باسییان لەوە کردووە کە دەیانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتری ترامپدا بکەن لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران و چالاکییەکانی دیکەی، بەڵام جەختییان لەوە کردووەتەوە کە ئێران لە ژێر فشاردا گفتوگۆ ناکات.
بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئێستادا فراوان بووە. ئێران ئێستا یۆرانیۆمی تەواویی پیتێندراوی هەیە بۆ دروستکردنی چوار چەکی ئەتۆمی، ئەمەش بەپێی داتاکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی.
ڕاپۆرتەکەی هەواڵگری ئەمەریکا وتی " سەرکردەکانی ئێران دەزانن کە ئەمە ڕاستی هەڕەشەکان بۆ گەشەدان بە چەکی ئەتۆمی بەهێزتر دەکات."
ڕۆژی هەینی بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕافایل گرۆسی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی دەزگاکە وتی ئێران لەم هەفتەیەدا هەنگاوی ناوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی لە سەدا 60. گرۆسی وتی ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگە ئەوە بگەیەنێت کە ئێران مانگانە 34 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراو بەرهەم دەهێنێت، ئەوە زۆر زیاترە لەو 4.7 کیلۆگرامەی کە پێشتر لە مانگێکدا بەرهەمی دەهێنا.
سەرچاوە/واڵ ستریت ژورناڵ