Accessibility links

ئەمەریکا و ئێران بە نێوەندگری قەتەڕ لە ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان نزیک دەبنەوە


IRAN-NUCLEAR/USA
IRAN-NUCLEAR/USA

بەپێی هەشت سەرچاوەی ئێرانی و سەرچاوەکانی دیکەی نزیک لە گفتوگۆکانەوە کە قسەیان بۆ ڕۆیتەرز کردووە، هەفتەی داهاتوو کاتێک 6 ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی ئێران دەگوازرێتەوە بۆ بانکەکانی قەتەڕ، پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی لە ئێران ئازاد دەکرێن و ژمارەیەکی هاوشێوە لە زیندانییە ئێرانییەکان لە ئەمەریکا ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە بۆ ئێران.

وەکو یەکەم هەنگاو، لە 10 ی مانگی هەشتدا ئێران پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی لە زیندانی ئەوینی تارانەوە گواستەوە بۆ دەستبەسەری لە ماڵەوە ، لەوێ لەگەڵ پێنجەم زیندانیدا یەکییان گرتەوە کە پێشتر لە زیندان دەرکرابوو بۆ دەستبەسەرکردنی لە ماڵەوە. دواتر لەو ڕۆژەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەو بڕیارە یەکەمین هەنگاوی پڕۆسەیەکە کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەیان بۆ ئەمەریکا.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکانی کە ڕەگەزنامەی ئێرانیشیان هەیە، بریتین لە سیامەک نامەزی تەمەن 51 ساڵ و عیماد شەرقی تەمەن 59 ساڵ و موڕاد تەهبازی تەمەن 67 ساڵ کە ڕەگەزنامەی بەڕیتانیشی هەیە.

ناسنامەی چوارەم و پێنجەم ئەمەریکاییەکە، کە بەپێی دوو سەرچاوە یەکێکییان ژنە، ئاشکرا نەکراون. ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بزانێت ئایا کام لە زیندانییە ئێرانییەکان لە ئەمەریکا ئاڵوگۆڕییان پێدەکرێت.

قەتەڕ نێوەندگری لەو گفتوگۆیانەدا کردووە کە بوونە هۆی دروستبوونی ئەم ڕێککەوتنە. دەوحە میوانداری لانیکەم هەشت خولی گفتوگۆکانی نێوان دانوستکارانی ئەمەریکا و ئێران کردووە، سەرچاوەیەک کە نزیکە لە گفتوگۆکانەوە وتی گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆ بوون، وتیشی سەرەتای گفتوگۆکان لەسەر پرسی ئەتۆمی بووە و دواتر باس لە ئازادکردنی زیندانییەکان کراوە.

بەپێی سێ سەرچاوە، قەتەڕ ڕێککەوتنێکی دارایی جێبەجێ دەکات کە تێیدا کرێی بانکەکان دەدات و چاودێری ئەوە دەکات ئێران چۆن ئەو پارە سڕکراوانە خەرج دەکات، ئەوەش لە پێناو دڵنیابوونەوە لەوەی کە لەو کەلوپەلانەدا خەرج نەکرێت کە سزای ئەمەریکایان لەسەرە. زیندانییەکانیش کاتێک ئازاد دەکرێت بە قەتەڕدا تێدەپەڕن.

دیپلۆماتکارێکی باڵا وتی " سەرەتا ئێران ویستوویەتی ڕاستەوخۆ دەستی بگات بە پارەکە، بەڵام لە کۆتاییدا ڕێککەوتووە لەسەر ئەوەی لە ڕێی قەتەڕەوە دەستی پێبگات. ئێران خۆراک و دەرمان دەکڕێت و قەتەڕ ڕاستەوخۆ پارەکەی دەدات."

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا ئامادە نییە بۆ ڕاگەیاندنی کاتی دیاریکراو بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان. هەروەها ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر وردەکارییەکانی " گفتوگۆ هەستیارەکان " بدات.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا لێدوانی لەسەر کاتی گواستنەوەی پارە سڕکراوەکە نەداوە. بەڵام لە 5 ی مانگی نۆدا وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور وتی هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی پارەکەی ئێران دەستی پێکردووە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی " پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە متمانەوە سەرچاوەیان نەگرتووە. ئێمە تەنها بە ڕەفتارەکانی بڕیار لەسەر ئێران دەدەین."

وتەبێژەکە وتیشی واشنتن مۆڵەتیداوە بە گواستنەوەی پارە سڕکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوورەوە بۆ ئەو هەژمارە بانکییانەی کە لەژێر دەستی دامەزراوە داراییەکانی قەتەڕدان، بەڵام هیچ پارەیەک ڕاستەوخۆ بۆ ئێران ناچێت.

سەرچاوەیەک کە ئاگاداری گفتوگۆکانە وتی گواستنەوەی پارەکە بۆ قەتەڕ پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بێت، ئەگەر هەموو شتەکان بەپێی پلانەکان بەڕێوەبچن.

سەرچاوەیەک نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزی وت " زیندانییە ئەمەریکاییەکان لە تارانەوە بەرەو قەتەڕ گەشت دەکەن و زیندانییە ئێرانییەکان لە ئەمەریکاوە بۆ قەتەڕ گەشت دەکەن، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ ئێران."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG