Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی ئەو ئەمەریکاییە دەکات کە لە ئێران زیندانی کراوە


ڕەزا ڤەلیدزادە
ڕەزا ڤەلیدزادە

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی ئێرانی دەکات لە ئێران، دەستبەسەرکردنەکە لەمدواییانەدا بووە و تەنها ئەمەریکاییە کە بە ئاشکرا باس لە دەستبەسەرکردنی کراوە لە دوای ئاڵوگۆڕە دەگمەنەکەی زیندانییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە لە مانگی نۆی ساڵی 2023 دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بەو بابەتە وتی " ئاگاداری هەواڵەکانین سەبارەت بەوەی کە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی ئێرانی لە ئێران دەستگیرکراوە."

ئەو هاووڵاتییەی کە دەستگیرکراوە ڕەزا وەلیدزادەیە، ڕۆژنامەنووسی پێشووی ڕادیۆ فەردایە و لە ساڵی 2022 دا وازی لە کارەکەی هێنا لە بەشی زمانی فارسی ڕادیۆکەدا. لە مانگی دوودا چووە بۆ تاران تاوەکو سەردانی خێزانەکەی بکات دوای ئەوەی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە ڕۆژئاوا ژیاوە، ئەمەش بەپێی دوایین پۆستی لە مانگی هەشتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس.

ئێران ڕادیۆی فەردا و ئەو میدیایانەی دیکەی ڕۆژئاوا کە بەشی زمانی فارسییان تێدایە بە لایەنی خراپەکار سەیر دەکات چونکە سەرنجەکان ڕادەکێشن بەلای ناڕەزایی خەڵک و خۆپیشاندانەکان دژی فەرمانڕەوا ئیسلامییەکانی ئێراندا.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئێمە لەگەڵ هاوبەشە سویسراییەکانماندا کاردەکەین کە وەکو هێزی پارێزەر لە ئێران بۆ ئەمەریکا کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر سەبارەت بەم دۆسییەیە."

وتیشی " ئێران بەردەوام هاووڵاتییانی ئەمەریکایی و وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە بە مەبەستی سیاسیی دەستگیر دەکات. ئەم کارەی دڕندانەیە و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە."

سەرچاوەیەک کە ئاگاداری بابەتەکەیە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکای وت وەلیدزادە لە کۆتایی مانگی نۆدا لە ئێران بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ میدیای فارسی دەرەوەدا دەستگیرکراوە. سەرچاوەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بەهۆی ئەوەی ئێران ئەو کەسانە بێزار دەکات کە لێدوان بۆ میدیاکانی ڕۆژئاوا دەدەن.

گروپی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی 10 دا باسییان لەوە کرد کە وەلیدزادە لە زیندانی ئێڤینی تاران زیندانیکراوە و لە دوای دەستگیرکردنییەوە ڕێگەی پێنەدراوە دەستی بگات بە پارێزەرەکەی. ڕاپۆرتەکان لە زاری دوو سەرچاوەوە وەرگیراون: یەکێکییان نزیکە لە خێزانەکەی وەلیدزادەوە، یەکێکی دیکەیان پێشتر لەگەڵ وەلیدزادەدا کاری کردووە.

نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دانی بەوەدا ناوە کە داوایەکی لە دەنگی ئەمەریکاوە بە دەست گەیشتووە بۆ پێدانی ڕوونکردنەوەیەک لە دۆسییەکەی وەلیدزادەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکییان نەبووە.

جێگری ڕێکخراوی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ئەمەریکا سکایلار تۆمسن لە نامەیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەبێت " سەرجەم کەناڵە دیبلۆماتییەکان بەکاربهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرکردنی ڤەلیدزادە و دڵنیابوونەوە لەوەی دەستبەجێ و بەبێ هیچ بەربەستێک دەستی بگات بە ڕاوێژکارێکی یاسایی."

وەلیدزادە لە دوایین پۆستیدا لە مانگی هەشتدا لە ئێکس باسی لەوە کردووە کە لە مانگی دوودا گەڕاوەتەوە بۆ تاران دوای ئەوەی " نیوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ باڵی هەواڵگری هێزی باڵای سەربازی ئێران، سوپای پاسدارانی ئێراندا تەواو کردووە." وتی بڕیاریداوە خۆبەخشانە بگەڕێتەوە. دواتر لە مانگی دوودا کاتێک گەیشتووەتە تاران وتوویەتی بریکارەکانی هەواڵگری ئێران بانگییان کردووە و فشارییان خستووەتە سەر خێزانەکەی تاوەکو ڕازی بکەن بگەڕێتەوە.

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان هەوڵیداوە ئەو ئێرانییانەی کە لە دەرەوە دەژین ڕازییان بکات بگەڕێنەوە و وتوویەتی پێویست ناکات لە هیچ شتێک بترسن.

پزیشکیان لە چاوپێککەوتنێکدا لە مانگی هەشتدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئیسنادا وتی " دەبێت دڵنیایان بکەینەوە کە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئێران ئەوا دۆسییە دژییان ناکەینەوە. ئێمە بێزارییان ناکەین، ڕێگەشییان لێناگرین لە ڕۆیشتنییان."

جەیسن برۆدسکی بەڕێوبەری سیاسەتی گروپی ڕاوێژی ئەمەریکایی " یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی " بە دەنگی ئەمەریکای وت کە دەستگیرکردنی وەلیدزادە دەبێت ئاگادارییەک بێت بۆ ئەو ئێرانییانەی کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە لەسەر ئەوەی کە دڵنیاییدانەکانی تاران ناکرێت متمانەیان پێبکرێت.

برۆدسکی وتی " لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ئێرانییەکانی دەرەوە لەلایەن لایەنێکی حکومەتەوە مۆڵەتییان پێدراوە بێنە ناو ئێرانەوە، دواتر دەزگایەکی ڕکابەر ئەم کەسە دەستگیر دەکەن و بە بارمتە دەیگرن."

بەپێی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران و ڕۆژنامەنووسی ئێرانی نەجات بەهرامی، دەبووایە وەلیدزادە لەبەردەم دادوەری دادگای پاسداران ئەبولقاسم سەڵەواتی دادگایی بکرێت، سەڵەواتی لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە سزا دراوە لەسەر ئەوەی بە توندی سزای هاووڵاتیانی ئێرانی و ئەو هاووڵاتییانە دەدات کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە لەسەر مافی ئازادی ڕادەربڕین یاخود گردبوونەوە.

کایڵ مۆر گیڵبەرتی زانای سیاسیی ئوستڕاڵی کە خۆشی لە ساڵی 2018 ەوە بۆ ساڵی 2020 لە ئێران دەستبەسەر بووە، بە دەنگی ئەمەریکای وت " وادیارە کە وەلیدزادە بە هەڵە دەستگیرکراوە."

لە ئیمەیڵێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، گیڵبەرت وتی کاری ڕۆژنامەنووسی وەلیدزادە" بەدڵنیاییەوە وادەکات گومانلێکراو بێت بۆ سوپای پاسدارانی ئێران."
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای وت وەزارەتەکە " بەردەوام چاودێری هەلومەرجی دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی دەکات لە دەرەوە تاوەکو ئاماژە بدۆزێتەوە لەسەر ئەوەی کە دەستگیرکردنەکانییان هەڵە بووە یان نا."

لە مانگی نۆی ساڵی 2023 دا لە ڕێککەوتنێکی دەگمەندا ئەمەریکا توانی پێنجی ئەمەریکایی ئێرانی لە ئێران ئازاد بکات کە دەیوت بە هەڵە زیندانیکراون، لەو ڕێککەوتنەدا پێنج زیندانیکراوی ئێرانیش لە ئەمەریکا ئازاد کران.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG