Accessibility links

ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە هەواڵی گواستنەوەی موشەکی ئێرانی بۆ ڕووسیا


کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا " نیگەرانە " سەبارەت بە ڕاپۆرتە پشتڕاست نەکراوەکانی دەزگا هەواڵییەکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئەوەی لەمدواییانەدا ئێران موشەکی گواستووەتەوە بۆ ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت، یاخود بەمزووانە گواستنەوەکە ڕوودەدات. ئێران وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانە دەداتەوە و بە جیا بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت تاران " خۆی بە دوور دەگرێت " لە پڕچەککردنی ئەو لایەنانەی کە لە جەنگدان.

ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا لەم چەند ڕۆژەی دواییدا وتوویانە کە ئێران موشەکی باڵیستیکی داوە بە ڕووسیا، ئەمەش ئەگەر وابێت ئەوا یەکەمین گەورەکردنی هاوبەشییە سەربازییەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت کە هەردووکیان دژی هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوان.

پێش ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ، بلوومبێرگ و ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە و 10 ی مانگی هەشت لە زاری بەرپرسە نەناسراوەکانی ئەوروپاوە بڵاوییان کردەوە گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی ئێرانی بۆ ڕووسیا نزیک بووەتەوە.

ڕۆژی هەینی دەنگی ئەمەریکا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی کرد ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئایا ئەو گواستنەوانە ڕوویانداوە یان نزیکن لەوەی ڕووبدەن، وەکو چۆن دەزگا هەواڵییە ڕۆژئاواییەکان بڵاوییان کردووەتەوە. وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی شۆن ساڤێت لە وەڵامدا وتی ئەمەریکا " نیگەرانە بەم هەواڵانە."

ساڤێت وتی " هەر گواستنەوەیەکی موشەکی باڵیستیکی ئێرانی بۆ ڕووسیا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بەرچاوی گرژییەکان لە پشتیوانی ئێراندا بۆ جەنگە دوژمنکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا."

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز لە زاری دوو " بەرپرسی هەواڵگری " ئەوروپاییەوە بوو کە وتوویانە ڕەنگە ئێران موشەکەکانی فاتح – 360 و عەبابیل بدات بە ڕووسیا، هەردوو موشەکەکە موشەکی مەودا کورتن و مەوداکەیان کەمترە لە 300 کم. ئەو جۆرە موشەکانەش بۆ ڕووسیا گرنگن چونکە لەو ڕێیەوە دەتوانێت موشەکە مەودا دوورەکانی بۆ هێرشی مەودا دوورتر بەکاربهێنێت.

ساڤێت وتی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە گروپی حەوت و ناتۆش " ڕوونییان کردووەتەوە کە پێکەوە ئامادەین بۆ وەڵامێکی گەورە " بۆ گواستنەوەی موشەکی ئێرانی بۆ ڕووسیا.

دەنگی ئەمەریکا داوای وەڵامێکی لە نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کردووە سەبارەت بە هۆشدارییەکانی ئەمەریکا دژی هەر گواستنەوەیەکی موشەک بۆ ڕووسیا.

نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی وتی تاران " پێی وایە دابینکردنی یارمەتی سەربازیی بۆ ئەو لایەنانەی کە لە جەنگدان شتێکی نامرۆییە. نەک تەنها ئێران خۆی بە دوور دەگرێت لەوە بەڵکو داوا لە وڵاتانی دیکەش دەکات چەک نەدەن بە لایەنەکانی ئەو جەنگە."

توێژەرەوانی ئەمەریکا و ئەوروپا کە چاودێری هاریکارییە سەربازییەکەی نێوان سوپای ئێران و ڕووسیا دەکەن بە دەنگی ئەمەریکایان وت کە چەندین ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا بزانێت کە ئێران موشەکی گواستووەتەوە بۆ ڕووسیا. وتییان گواستنەوەکە ڕەنگە لە ڕێی یەکێک لە کۆی سێ شێوازەوە بێت: ئێران لە ڕێی دەریای کاسپیانەوە موشەکەکانی دەگوازێتەوە بۆ ڕووسیا چونکە کەنارێکییان هەیە هاوبەشە لە نێوانییاندا، گواستنەوەی موشەکەکان لە ڕێی ئاسمانەوە بەسەر دەریای کاسپیاندا یاخود لە ڕێی سنووری ئاسمانی ئازەربایجان یان ئەرمینیا و جۆرجیاوە، یاخود گواستنەوەی موشەکەکان لە ڕێی وشكانییەوە و بە ناو ئەو وڵاتانەدا."

توێژەرەوان وتییان لە ڕێی سەرچاوە زانیارییە کراوەکانی وەکو داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان و گەشتە ئاسمانییەکان و وێنەی مانگە دەستکردەکان دەتوانرێت گواستنەوەی موشەک یاخود ئامادەکردن و جێبەجێکردنی گواستنەوەکە بزانرێت. بەڵام وتییان هەوڵەکانی ئێران و ڕووسیا بۆ شاردنەوەی ئەو جۆرە گواستنەوانە ڕەنگە وابکات تەنها دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەکان کە دەستییان دەگات بە سەرچاوە نهێنییەکانی زانیاریی ئەو جۆرە گواستنەوانە ئاشکرا بکەن.

نیکۆل گراجیوسکی لە ناوەندی کارنێج ئینداومێنت بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت " جمووجوڵی کەسەکانیش شتێکە کە من چاودێری دەکەم."

وتی " زانیاری زۆرمان لە سەرچاوە کراوەکانەوە بینیوە سەبارەت بە سەردانی شارەزایانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بۆ ئێران تاوەکو مەشقییان پێبکرێت لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان. لەبەرئەوە چاودێریکردنی ئەو ڕاوێژکارە سەربازییە ئێرانییانەی کە مەشق بە ڕووسیاییەکان دەکەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئەم موشەکە باڵیستیکییانە دەکرێت ئاماژەیەکی دیکە بدەن لەسەر گواستنەوەی موشەک."

وتیشی بەهێزترین بەڵگە لەسەر گواستنەوەی موشەکی ئێرانی بۆ ڕووسیا ڕەنگە تەنها دوای ئەوە بێت کە گواستنەوەکە ڕوویدابێت. پاشماوەی موشەکە ئێرانییەکان کە لەلایەن ڕووسیاوە هەڵدراون و لەلایەن ئۆکرانیاییەکانەوە کۆدەکرێنەوە و پیشانی جیهان دەدرێن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG