باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە ڕۆژی چوارشەممەدا سەردانی هەولێری کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواترین پێشهاتەکان لە عێراق و پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەیاننامەیەکدا باڵیوز ماتیۆ تولەر پشتگیری خۆی دووپاتکردەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان و هەروەها لێکۆڵینەوە لەو هێرشە موشەکییەی کە لە 15 مانگی دوودا کرایە سەر هەولێر.
ئایا لە دوو مانگی وەرگرتنی دەسەڵاتدا سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکی نوێ ئەمەریکا جۆو بایدن بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرابووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و چەند پـرسیارێکی تردا دەخیلی شەممۆ لە بەشی کوردی لەگەڵ دکتۆر بیلال ئەحمەد وەهاب لێکۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک بنکە لە واشنتن گفتوگۆی کرد.
دکتۆر بیلال دەڵێت سەردانەکە سەردانێکی گرنگبوو و بە شێوەیەکی سەرەکی بریتیبوو لە پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان، خەمخۆری نیشاندان بۆ هەرێمی کوردستان کە لەلایەن چەکدارانی نزیک لە ئێرانەوە هەولێریان دایە بەر هێرشی موشەکی کردارێکی گرنگە چونکە داعش لە سێ تا چوار ساڵی حوکمی خۆیدا نەیتوانی موشەک بگەیەنێتە هەولێر بەم شێوەیە نەک هەر بە تەنها شوێنی عەسکەری و مەدەنییەکان وەکو فڕۆکەخانە بەڵکو ناو گەڕەکە سیڤیلەکانیش، بۆیە بە ڕای من ئەوە وەرچەرخاندنێکی نەوعی بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و لایەنە سیاسییە عێراقییەکاندا کە بەشێکی زۆریان ئێستا دوو کڵاویان لەسەردایە، کڵاوی میلیشیا و کڵاوی سیاسی لە پەرلەمان.
دکتۆر بیلال گوتیشی هەروەها بەشەکانی تریش گرنگبوون هەر وەک لە بەیاننامکەدا ئاماژەی پێدابوو، وەک شەنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارکانی.
دکتۆر بیلال ئەحمەد وەهاب پێیوابوو دوو خاڵی زۆر گرنگ لە بەیاننامەکەدا هەبوو کە تازەن و نیشانەی سیاسەتی بایدنە بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەویش کە گرنگییەکی زۆری داوە بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەم لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و یەکگرتوویی ناو حکومەتی هەرێم و هەم ئازادییەکان، ئازادی ڕۆژنامەوانی، ئازادی قسەکردن و ئازادی سیاسیش، هەر وەک دەبینین پەرلەمانتار هێرشی کرایە سەر.
د. بیلال سەبارەت بە ئەگەری ناوەندگیری ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا گوتی کاتێک دەبێت هەرێم دوای ناوبژیوانی لە ئەمەریکا بکات کە خۆی هەرێم بزانیت چی دەوێت و جۆرێک لە مەرکەزییەتی قەرار لە ناو سیاسەتی هەرێمدا هەبێت.
گوتیشی من هەرگیز وەڵامێکم لە بەرپرسانی ئەمەریکی وەرنەگرتووە کە بتوانم بڵێم بەڵی ئەمریکیـیەکان ئامادەن نێوەندگیری لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵدا بکەن. یەکەم لەبەر ئەوەی بابەتەکە لە نزیکەوە پەیوەندی هەیە بە حوکومڕانی، بە مەسەلەی گەندەڵی، مەسەلەی بە سیاسیکردنی مەلەفی نەوت لە لایەن بەغدا و لەلایەن هەولێرەوە ئەمە بەشێکی و بەشێکی تریشی نەبوونی مەرکەزییەتی قەرارە لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە بەغداش. بەشێکی تریشی ئەمەریکا ئەو جۆرە ڕۆڵەی ناوێت، یا ئەو جۆرە ڕۆڵەی نەماوە.
زانیاری زیاتر لەدەقی گفتوگۆکەدایە: