Accessibility links

کاردانەوەی کاربەدەستێکی ئەمەریکا لە بەرامبەر داوای گەنجێکی عێراق


گەنجێکی عێراق کە لەسەر تۆڕەکانی سۆشیال میدیا ناسراوە، لە پارچە ڤیدیۆیەکدا داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا کرد دەعوەتی ئەمەریکای بکات، ئەگەر نا خۆی دەکوژێت. کاربەدەستێکی ئەمەریکاش داوای لێدەکات ئەوە نەکات.

عەلی عادل، گەنجێکی دانیشتووی بەغدای پایتەختە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەسەر فەیسبوکەکەی ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تیایدا بە ئینگلیزی و عەرەبی قسە دەکات و لە کاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆکە دەنگی تەقە دەهات. دەڵێت" سڵاو خۆشەویستم بایدن، چۆنی دڵەکەم.. بایدن ئەگەر یارمەتیم نەدەیت ئەوا خۆم لەسەربان هەڵدەدەم و خۆم دەکوژم، من سوعبەتت لەگەڵ ناکەم، من لەسەربانم و لە خوارەم جادە هەیە، ئەگەر یارمەتیم نەدەیت ئەمرم، عەباس کەفیلت بێت خۆم فڕی دەدەم، سوعبەت ناکەم بە جدیمە، ئەها ئەوە تەقەیە دەزانیت گوێت لێـیە، ئاگر لە نەخۆشخانە دەکەوێتەوە، خۆرە و گەرمە، ئەملا و ئەولای پـێناوێت بانگم بکە، عەباس کەفیلت بێت خۆم هەڵدەدەم، سوعبەت ناکەم، ئەوە تەقەیە هههه کێشە نیـیە ئاسایـیە... بایدن ئیتر ئەوەیە ئاگر لە نەخۆشخانە دەکەوێتەوە، کەشوهەوا لە عێراق گەرمە، ناتوانیت خۆت بشۆیت، هیچ شتێکی تیادا نیـیە..."

جۆو هود، بریکاری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە ڕێگەی تویتەرەوە بانگەوازێکی بۆ دەنرێت، دەڵێت"سڵاو، خۆشەویستم عەلاوی تکایە لەسەربان خۆت هەڵمەدە ئێمە لە ئەمەریکا تۆمان خۆشدەوێت، من جۆو بایدن نیم، من جۆو هودم، بەرپـرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستم لە وەزارەتی دەرەوە، ژیان بە نرخە، دەتوانین پـێکەوە باشتری بکەین بە عێراقیـیەکان و ئەمەریکایـیەکان، ئێمە لە شەڕی داعش و بنیادنانەوەی عێراق یارمەتیتان دەدەین، عێراق پـێویستی بە تۆیە، خەفەت مەخۆ، بەشداری هەڵبژاردن بکە، دەنگی تۆ لە پـێناو عێراق گرنگە، ئێستا لەبەر کۆرۆنا ناتوانم دەعوەتی ئەمەریکات بکەم، بەڵام هیوادارم کاتێک سەردانی عێراقم کرد چاوم پـێت بکەوێت و پـێکەوە سەروپێ بخۆین، خۆشەویستم عەلاوی ئێمە تۆمان خۆش دەوێت، جەژنتان پـیرۆزبێت و لە خێردا بن."

عەلی لە وەڵامی کاربەدەستەکەی ئەمەریکا نووسیویەتی " کێشەکە ئەوەیە حەزم لە سەروپـێ نیـیە هههه، زۆر سوپاستان دەکەم. بەڵێن بە گەلەکەم و کەسوکارم و جەماوەرەکەم و خەڵکی عێراق دەدەم مەینەتیـیەکانتان بە تەواوی پێـیان بگەیەنم."

جێی ئاماژە بەهۆی بێ هیوابوونی بەشێک لە گەنجانی عێراق لەوەی دۆخی وڵاتەکەیان بەرەو باشی بڕوات، هەتا ئێستا ساڵانە بە هەزاران عێراقی وڵاتەکەیان جێدەهێڵن بە ئامانجی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر. چاودێران پـێـیان‌وایە ئەو پارتە سیاسیـیانەی بە دەنگی عێراقیـیەکان هاتوونەتە سەر دەسەڵات هەتا ئێستا شکستیان هێناوە لە باشترکردنی خزمەتگوزاریـیەکان و نەهێشتنی گەندەڵی و سەروەرکردنی یاسا.

XS
SM
MD
LG