دەزگای پـشکنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو ملیشیاکان لە عێراق و سوریا گەورەترین هەڕەشەبوون بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانێتی دژی داعش.
دەزگاکە ئەمڕۆ سێشەممە ڕاپـۆرتەکەی بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت ئەو ملیشیایانە هێرشیان لە دژی بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا لە عێراق و لە دژی هێزە هاوبەشەکان لە سوریا ئەنجامداوە. ئاماژە بۆ کاریگەری خراپی ئابوری بەسەر هەڵمەتی دژی داعش دەکات، دەڵێت کۆسپ بووە لەبەردەمی دابینکردنی خزمەتگوزاریـیە سەرەکیـیەکان و هۆکاریش بووە بۆ هەژاربوونی بەشێکی زۆری خەڵکی و لە سەروو ئەوە گەندەڵی لە حکومەتدا بەردەوامبوو و ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.
ڕاپـۆرتەکە کە 24 هەمین ڕاپـۆرتی ئەم دەزگا سەربەخۆیـیەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ کۆنگرێس لە بارەی شەڕی داعشەوە، دەڵێت لە نێوان 1 ی مانگی دەی ساڵی 2020 هەتا 31 ی مانگی دوازدەی هەمان ساڵ، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هێزە هاوبەشەکان و لە پـێش هەموویانەوە هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمەش تاوەکو بەهێزیان بکەن و دڵنیاببنەوە لەوەی چیتر داعش بۆ ناوچەکە ناگەڕێتەوە.
لە بەشێکی ڕاپـۆرتەکە ئاماژە بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا کراوە، دەڵێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی، واتە بەڕێوەبەرایەتی پـێشووی سەرۆک ترامپ، هێزەکان لە نزیکەی 3 هەزار سەربازەوە بۆ 2500 سەرباز کەمکراونەتەوە و لە 15 ی مانگی یەکی ئەمساڵ پـرۆسەی کەمکردنەوەکە بە کۆتایی گەیشتووە.
ڕاپـۆرتەکە باس لە توانای هێزە هاوبەشەکان دەکات، دەڵێت لە عێراق، هێزەکانی ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنی زۆریان لە دژی داعش ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا پـشتیان بەستووە بە هەندێک پشتیوانی هاوپەیمانان. لە سوریاش، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی داعش بەردەوامبوون، بەڵام لە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا بە تەواوی پشتیان بەستووە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان.