Accessibility links

سەرۆک ترامپ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس پشتڕاست دەکاتەوە


سەرۆک دانۆڵد ترامپ ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی دانوستان لەگەڵ حەماسدا دەکات لە کاتێکدا ئەمەریکا وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی، گفتوگۆکانیش لە پێناو ئازاد کردنی ئەو بارمتانەدایە کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە.

سەرۆک ترامپ دووبارە جەختی لە هۆشدارییەکەی پێشووی کردەوە و وتی ئەگەر حەماس دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد نەکات ئەوا بە " باجێکی دۆزەخیی " لە غەززە دەبێت بدات.

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی مەبەستی چی بووە، وتی " بۆتان دەردەکەوێت."

سەرۆک ترامپ باسی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە کرد لەگەڵ ئەو بارمتە ئیسڕائیلییانەی کە ئازاد کراون.

وتی " سەربەرز بووم کاتێکی زۆرم لەگەڵ چەند کەسێکدا بەسەربرد کە ئازاد کرابوون، زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە."

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت دەکرێت بەڕێوبەرایەتییەکە " هەندێک کار بکات " کە دەکرێت بە " هاوبەشی لەگەڵ ئیسڕائیلییەکاندا " ئەنجام بدرێت.

وتی " حەماس دەرفەتێکی لەبەردەستدا بوو ماقوولانە ڕەفتار بکات، ئەوە بکات کە ڕاستە، دواتر دەربچێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ داواکەی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ ئەوەی حەماس هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی یاخود سەربازیی لە غەززەی دوای جەنگدا نەبێت.

بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماسدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن نوێنەری بارمتەکان ئادەم بۆیهلەرەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کۆتایی هێنانە بە سیاسەتە درێژخایەنەکەی ئەمەریکا لەسەر گفتوگۆ نەکردن لەگەڵ تیرۆریستاندا.

سەرۆک ترامپ وتی " ئێمە یارمەتی ئیسڕائیلییەکان دەدەین لەو گفتوگۆیانەدا، چونکە ئێمە بیر لە بارمتە ئیسڕائیلییەکان دەکەینەوە. سەبارەت بە حەماسیش ئێمە هیچییان بۆ ناکەین، پارە نادەین."

حەماس وتوویەتی باشترین ڕێگە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە ڕێی دانوستانەکانەوە بووە بۆ ئاگربەست. وتیشی هەڕەشەکانی سەرۆک ترامپ هانی ئیسڕائیلییان داوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسڕائیل کە لە چەند قۆناغێک پێکهاتووە و لە 19 ی مانگی یەکدا ڕۆژێک پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ ببێتە سەرۆک واژۆ کراوە.

بەرپرسێکی حەماس، سامی ئەبو زوهری، وتی " زمانی هەڕەشە نامانترسێنێت، تەنها بابەتەکان زیاتر ئاڵۆزتر دەکات."

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث وتی " هەر ئێستا سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەن، نەک دواتر، دەستبەجێ سەرجەم لاشە مردووەکانی ئەو کەسانەی کە کوژراون ڕادەستییان بکەنەوە، هەرچی ئیسڕائیل پێویستی بێت بۆی دەنێرم تاوەکو کارەکە تەواو بکات، هیچ ئەندامێکی حەماس پارێزراو نابێت ئەگەر ئەوە نەکەن کە من دەیڵێم."

لەم هەفتەیەدا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بە بەهای 4 ملیار دۆلار چەکی نارد بۆ ئیسڕائیل، ئەمەش دووەمین جارە لە مانگێکدا چەک دەنێرێت بۆ ئیسڕائیل بەبێ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەندی بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG