Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: ئەمەریکا ' شەڕێکی گەورەتر ' ی لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان ناوێت


نوێنەری ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین ڕۆژی سێشەممە وتی ئەمەریکا هەوڵ دەدات جەنگێکی گەورەتر لە نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبناندا بە دوور بگرێت، ئەمەش دوابەدوای پەرەسەندنی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا لەسەر سنووری باشووری لوبنان.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە، ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە تەقەیان لە یەکتر کردووە، هەفتەی ڕابردوو حزبوڵا کۆمەڵێک موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ئاڕاستەی پێگە سەربازییەکانی ئیسڕائیل هەڵدا، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بووە هۆی کوژرانی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵا.

هۆچستینی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی بەهۆی ئەوەی کە دۆخەکە " مەترسیدار " بووە دەستبەجێ ڕەوانەی لوبنان کراوە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە ئیسڕائیل بووە.

هۆچستین وتی " لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەرەسەندنێکمان بینیوە. ئەوەی سەرۆک بایدنیش دەیەوێت ئەوەیە پەرەسەندنی زیاتر بۆ شەڕێکی گەورەتر بە دووربگرێن."

هۆچستین ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرکردەی سوپای لوبناندا کۆبووەتەوە و دوابەدوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان نەبیح بەریدا لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان داوە، نەبیح سەرکردایەتی بزووتنەوەی چەکداریی ئەمەل دەکات و هاوپەیمانی حزبوڵایە و لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەویش موشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە.

ئەمەریکا و فەڕەنسا لە هەوڵێکی دیبلۆماتیدان بۆ دڵنیابوونەوە لە کۆتایی هێنانێکی گفتوگۆ لەسەرکراو بۆ توندوتیژییەکانی سەر سنووری لوبنان. حزبوڵا دەڵێت بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی تاوەکو ئاگربەستێک لە کەرتی غەززە ڕادەگەیەندرێت.

ڕۆژی سێشەممە هۆچستین داوای لە حەماس کرد پێشنیارەکەی ئاگربەست لە غەززە کە ئەمەریکا پشتگیری لێدەکات پەسەند بکات، وتی پێشنیارەکە " دەرفەتێکیش دروست دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکە لە سەرانسەری هێڵی شیندا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێڵە سنووردارەکەی نێوان لوبنان و ئیسڕائیل کە تێیدا چەند سنوورێکی نێودەوڵەتی ناکۆکییان لەسەرە.

هۆچستین لەگەڵ سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری لوبنان نەجیب میقاتیشدا کۆبووەوە، میقاتی پێی وتووە " لوبنان هەوڵی پەرەسەندن نادات." ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکی ئۆفیسی میقاتی لەسەر کۆبوونەوەکە.

ڕۆژی سێشەممە ئیسڕائیل هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر تانکێکی ئیسڕائیلی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئەوە یەکەم ڕاگەیاندنییەتی سەبارەت بە هێرشەکانی.

حزبوڵا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەکی زیاتری دژی ئیسڕائیل بەکارهێناوە، ئەوەش بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە لوبنان ناچار کرد هۆشداری بدەن لەسەر ئەوەی " مەترسییەکانی بە هەڵە لێکدانەوە و ململانێیەکی لە ناکاو و فراوانتر زۆر ڕاستەقینەیە."

ڕۆژی سێشەممە بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک وتی ئەویش نیگەرانە سەبارەت بە پەرەسەندنەکان، هەروەها داوای " ڕاگرتنی توندوتیژییەکانی کرد " و داوای لە " کارەکتەرە بە کاریگەرەکانی کرد سەرجەم ڕێوشوێنەکان بگرنەبەر بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگێکی بەرفراوان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG