هێزەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچە سنووریـیەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پـێکەوە سوڕاونەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕاگرتنی تۆپـبارانەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە.
هێزە گەڕۆکە هاوبەشەکان لە شارۆچکەی شێخلەری ڕۆژئاوای کۆبانیـیەوە دەستیان بە سوڕانەوە کردووە و گەیشتوونەتە کۆبانی و لەوێشەوە بەرەو گرێ سپی و شارۆچکەی سلوکی باشوری ڕۆژهەڵاتی گرێ سپی.
مستەفا بالی گوتەبێژی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی ئەو ڕەوشەی لەسەر سنوور هاتووەتە ئاراوە پـێویستی بەوەیە هاوپەیمانان و لە سەروو هەموویانەوە ئەمەریکا بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەڵێنی خۆیان بەسەربەرن.
گوتیشی ئەو هێزە هاوبەشە گەڕۆکانە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبن هەتا ئارامی لەسەر سنوور بەرقەرار دەبێت.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەشکری تورکیا لە سەرانسەری هێڵی سنوور لە ڕۆژئاوای کۆبانی هەتا ڕۆژهەڵاتی گرێ سپی گوندەکانی سەرسنووری تۆپـبارانکردووە و لە ئاکامدا ژمارەیەک هاوڵاتی و شەڕڤان گیانیان لە دەستداوە یان برینداربوون.
پـێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا چەندان جار دووپاتیکردەوە وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێک لە دژی هێزە کوردیـیەکانی سوریا ئەنجام دەدات ئەگەربێت شاری مەنبج چۆڵ نەکەن.