مایک پەمپێـیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە دوای ئەوەی لە بەغدا لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و لە هەولێر لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و کۆبوونەوە. پاشان هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان پێشوازیـیان لە پەمپێـیۆ و شاندە یاوەرەکەی کرد .
لە بارەی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، سەمیر هەورامی بەرپرسی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە یەک دوو ڕۆژی رابردوو سەردانی ناوچەکەی کردووە و ئەمڕۆش سەردانی عێراقی کردووە و دواتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و بێ گومان لە کۆبوونەوەکان گفتۆگۆ لە بارەی دوا پێشهاتیە سیاسی و ئەمنیەکانی ناوچەکە گفتۆگۆی لەبارەیەوە کراوە و بە تایبەتی بابەتی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوای ئەو هەنگاوانەی کە سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ داویەتی بە مەبەستی کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا بە شێوەیەکی تەدریجی.
لەبارەی ئەوەی کە مایک پەمپێـیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چ پەیامێکی هەبووە بۆ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، سەمیر هەورامی گوتی گفتۆگۆ لە بارەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کراوە و چۆنیەتی پتەوکردنیان و رێکخستنەوەیان لە قوناغەکانی داهاتوو بە پێی هەستیاری قۆناغەکە.
جێگای ئاماژەیە سەردانەکەی پەمپێـیۆ بۆ عێراق لە چوارچێوەی ئەو گەشتەیەتی کە بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی دەدات.