Accessibility links

شاندێکی ئەمەریکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات


شاندێکی ئەمەریکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە لایەن سەرۆک و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیـیان لێکرا.بەپێی ڕاگەیەنراوێک باسی کەیسی حوکمدراوانی پارێزگای دهۆکیش کراوە. شیکەرەوەیەکی سیاسی پێی وایە ئەمەریکا بە وردی چاودێری ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستاندا دەکات تا ئەو شوێنە پشتگیری ھەرێمی کوردستان دەکات کە کار بە ئازادی ڕادەربڕینەوە بکات.

ڕۆژی یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بەپێی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەو شاندە لە جۆی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک بەوەکالەت، ئەیمی کەترۆنا یاریدەدەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا بە وەکالەت، زەهرە بیڵ بەڕێوەبەری کاروباری عێراق و سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سکۆت سیمۆنس لە فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکی و ڕۆبێرت واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر پێکهاتبوون.

بەپێی ئەو ڕاگەیەنراوەی کە لە سەرچاوەیەکی نێو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە تێیدا هاتووە کە لەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا، دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، جموجۆڵ و مەترسییەکانی داعش، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.

هەروەها لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە هەردوولا هاوڕا بوون کە داعش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکات و بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی یەکجارەکییان، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە پشتگیری و بەردەوامیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیان بە پێویست زانی و دۆخی سووریا و پێشبینییەکان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە، دەشڵێن" شاندەکە دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و لە یارمەتیدان و پشتگیریی هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت، هەروەها گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریای بە گرنگ لە قەڵەم دا و هیوایان خواست بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە ڕێککەوتن".

محەمەد سەباح خەیات سەرۆکی ڕێکخراوی دیداری ئاشتی بۆ مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و شیکەرەوەی سیاسی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت"ھاتنی شاندێکی باڵای ئەمةریکی بۆ لای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کاتە ھەستیارەی ناوچەکە لە سەرھەڵدانەوەی داعش و نزیک بوونەوەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەرخەری ئەوەیە کە ئەمەریکیەکان لە ناوچەکەدا دەستبەرداری ھەرێمی کوردستان نابن و بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی پێگە و ئەزمونی ھەرێمی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا شاندەکە باسی ھەماهەنگی زیاتری نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و نزیک بوونەوەی ھەولێر و بەغدایان کردووە چونکە داعش لە خۆ ڕێکخستنەوەن و بوونی کەلێن لە نێوان ھەولێر و بەغدا و نەبوونی ھەماھەنگی ئەمنی نێوانیان زەمینە خۆشتر دەکات بۆ خۆ ڕێکخستنەوەی داعش لە عێراق".

لە لایەکی ترەوە هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لەو شاندە ئەمەریکیەی کرد و سەبارەت بە گفتوگۆ لەبارەی کەیسی حوکمدراوانی پارێزگای دهۆک و ئازادی ڕادەڕبڕینەوە، لەوبارەیەوە لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی حکومەتدا هاتووە کە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت و پشتیوانیی و ڕێز و پێزانینی خۆیشی بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و هەروەها هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە .

ئەو شیکەرەوە سیاسیە سەبارەت بە کەیسی حوکمدراوانی پارێزگای دهۆک و ئازادی ڕادەربڕینەوە زیاتر بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بەگوێرەی بەیاننامەی سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم لە کۆبونەوەکەدا باسی ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان و گیراوانی بادینان کراوە بە دیوێک واتا ئەمەریکا بە وردی چاودێری ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستاندا دەکات تا ئەو شوێنە پشتگیری ھەرێمی کوردستان دەکات کە کار بە ئازادی ڕادەربڕین بکات و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بێتەدی لە ھەرێمی کوردستان و لە کۆبونەوەکان باسی نزیک بوونەوەی لایەنە کوردیەکانی سوریا کراوە بە مەبەستی ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی بگێڕێ لە نزیک بوونەوەی لایەنە کوردیەکانی سوریا".

بەپێی ئەو ڕاگەیەنراوەی سەرۆکایەتی حکومەت لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕەفتارە نا یاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات.

XS
SM
MD
LG