دەزگای هەواڵی لوبنان بڵاویکردەوە نوێنەری ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین ڕۆژی سێشەممە گەیشتووەتە بەیروت بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی لوبناندا سەبارەت بە ئاگربەستێکی نێوان گروپی چەکداریی حزبوڵا و ئیسڕائیل، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی پێشنیارێکی ئاگربەست کە لەلایەن ئەمەریکاوە خرابووە ڕوو لەلایەن حزبوڵای هاوپەیمانی ئێرانەوە پەسەند کرا.
سەردانەکە بەرەوپێشچوونێک دەردەخات لە هەوڵە دیبلۆماتییەکاندا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کە ئامانج لێیان کۆتایی هێنانە بە ململانێیەک کە مانگی نۆی ڕابردوو لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، کاتێک ئیسڕائیل لەشکرکێشییەکی گەورەی دژی حزبوڵا لە لوبنان دەستپێکرد.
عەلی حەسەن خەلیلی یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان نەبی بەری بە ڕۆیتەرزی وت حکومەتی لوبنان و حزبوڵا پێشنیارەکەی ئەمەریکایان بۆ ئاگربەست پەسەند کردووە، سەرەڕای ئەوەی لوبنان تێبینی لەسەر پێشنیارەکە هەبووە.
ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا لێدوانی لەوبارەیەوە نەداوە.
خەلیل وتی ئیسڕائیل دەیەوێت " لە ژێر تەقەدا " گفتوگۆ بکات، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی بۆردومانکردنی بەیروت و باشووری بەیروت کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حزبوڵادایە. وتی " ئەمە کارناکاتە سەر هەڵوێستمان."
خەلیل ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو تێبینییانە بدات کە لوبنان هەیبووە لەسەر پێشنیارەکە، بەڵام وتی " پێشنیارەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا " کراوە و لەگەڵ بڕیاری 1701 ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێت، ئەو بڕیارە کۆتایی بە دوایین جەنگی نێوان حزبوڵا و ئیسڕائیل هێنا لە ساڵی 2006 دا.
بەپێی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، حزبوڵا دەبوو هیچ بوونێکی سەربازیی نەبووایە لەو ناوچەیەی نێوان سنووری ئیسڕائیل و لوبنان و ڕووباری لیتانیدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز