Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت جووڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە مەبەستی بەرگری و ڕێگریکردنە


ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا وەکو ڕێوشوێنێکی بەرگری و بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا هێزی زیاتری سەربازی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

دوای کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا لە تاران، گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاد بوون. کوژرانی هەنییە ڕۆژێک دوای ئەوە بوو ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجامدا و فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی حزبوڵا فواد شوکری کوشت. حزبوڵا و حەماسیش لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند فڕۆکە و کەشتی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.

جێگری ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆناثان فینەر لە پڕۆگرامێکی کەناڵی سی بی ئێسدا وتی " ئامانجی سەرەکی هێورکردنەوەی کەشەکەیە لە ناوچەکەدا، ڕێگریکردن و بەرگریکردنە دژی ئەوانەی هێرش دەکەن، هەروەها خۆبەدوورگرتنە لە ململانێیەک لە ناوچەکەدا."

وتیشی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکاری دەکەن.

ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هیوای خواست لەسەر ئەوەی ئێران هیچ نەکات سەرەڕای هەڕەشەکەی بۆ تۆڵەکردنەوە لە کوژرانی هەنییە.

ئەمەریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی وەکو فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئیتاڵیا و میسڕ بەردەوامن لە هەوڵە دیبلۆماتییەکانییان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG